بریكاری وەزیری كشتوكاڵی عێراق، ئەمڕۆ شەموو ٢٧ی حوزەیران ڕای گەیاند، بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و ڕێكخستنی بازاڕ، بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی تەماتە لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكان دراوە و هەر جۆرە هاوردەكردنێكیش بە قاچاخ هەژمار دەكرێت.
بەپێی بڕیارە نوێیەكە، رێگە بە گواستنەوەی تەماتەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەدرێت. لەوبارەیەوە سروە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە كرد، ئەم بڕیارە لەسەر داوای نوێنەرانی كورد و بۆ چارەسەركردنی كێشەی بێ بازاڕیی و زیانی دارایی جووتیارانی هەرێم دەركراوە.
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق دووپات دەكاتەوە كە ئامانج لەم هەنگاوە، پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ و مامەڵەكردنە لەگەڵ عێراق وەك «بازاڕێكی یەكگرتوو» لە باكورەوە تا باشوور.