سەرۆك وەزیرانی پێشتری عێراق هۆشداریی دا لە جێهێشتنی رێكخراوی ئۆپێك لەلایەن عێراق، داوای زیادكردنی پشكی وڵاتەكەی لە بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی ڕێكخراوەكەوە كرد.
عادل عەبدولمەهدی ئەمڕۆ شەموو 27ی حوزەیران، لە پەیامێكدا بڵاوی كردەوە، ئەگەر ئۆپێك بەجێبهێڵین شكست دەهێنین، بڕی زیاتر لە نەوت بەرهەم دەهێنین و وڵاتانی تریش دوای ئێمە هەر ئەو كارە دەكەن و ئەوەش باشترین رێگەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، "ئۆپیك لە عێراقەوە دروست بووە بۆ ڕێكخستنی بازاڕەكان و كێبەركێ و پاراستنی مافی بەرهەمهێنەران و بەكارهێنەران، بۆیە با بە بەهێزكردنی ڕێكخراوەكە مافەكانمان مسۆگەر بكەین، نەك وازی لێ بێنین، ئەگەر ئەو كارە بكەین رێكخراوەكە تێدا دەچێت.
پەیامەكەی عەبدولمەهدی لە كاتێكدایە كە مشتومڕێكی بەرفراوان و لێدوانی ناكۆكی لە بازنەكانی نەوت و سیاسیی عێراقدا دروست بوو، ئەمەش دوای ئاماژەیەكی فەرمی و نافەرمی لەبارەی ئەگەری دووبارە پێداچوونەوە بە ئەندامێتی عێراق لە ئۆپێك.
سەلیم ریكابی گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رای گەیاندبوو، بە ئەگەری پێداچوونەوە بە بژاردەكانی دەرەوەی چوارچێوەی ڕێكخراوی ئۆپێك دەكەن و نیازیانە لە رێكخراوەكە بكشێنەوە.