كۆمپانیای ئێج كەی ئێن بەرهەمهێنانی نەوتی لە كێڵگەی ئەترووش دەست پێ كردەوە و بڕیارە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە، سەرجەم كۆمپانیاكانی تری نەوت لە هەرێمی كوردستان كارەكانیان دەست پێ بكەنەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 28ی حوزەیران، كۆمپانیای ئێج كەی ئێن (HKN) بەرهەمهێنانی نەوتی لە كێڵگەی ئەترووش لە هەرێمی كوردستان دەست پێ كردەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت كە لە چەند رۆژی رابردوودا، زنجیرەیەك كۆمپانیای تری نێودەوڵەتی گەڕاونەتەوە سەر كارەكانیان و دەستیان بە بەرهەمهێنان كردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، لە چەند رۆژی رابردوودا هەریەك لە كۆمپانیاكانی دی ئێن ئۆ (DNO) لە كێڵگەكانی تاوكێ و پێشخاپوور، هەروەها كۆمپانیای گەڵف كیستۆن دەستیان بە بەرهەمهێنان كردووەتەوە.
هاوكات كۆمپانیای "هەنت ئۆیڵ" بڕیارە لە هەشتـی تەمووزی داهاتوو دەست بە كار بكاتەوە، كۆمپانیاكانی تریش بەگوێرەی پلانێكی دارێِژراو و بە چەند قۆناغێك دەست بەكار دەكەنەوە و ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە كوردستان زیاد دەكەن.
لە كۆی 11 كۆمپانیای بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان، هەشت كۆمپانیایان بەهۆی ئەو دۆخە تەناهییە، بەهۆی هێرشەكانی گرووپە چەكدارەكانەوە هەناردە و كارەكانیان راگرتبوو.
ئێستە لە هەرێمی كوردستان هەشت كێڵگەی گەورەی بەرهەمهێنانی نەوت چالاكن، ئەوانیش بریتین لە كێڵگەكانی: "خورمەڵە، تاوكێ و پێشخاپوور، شێخان، ئەترووش، سەرسنگ، هەولێر و بجیل- هەریر".