لە درێژەی بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی پەرتووكی كار و چالاكی و چاكسازییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی ( 2019 تا 2025 )، بە داتا و زانیاری كۆی ئەو قەرز و پێشینانە خراوەتەڕوو كە لە ساڵانی ڕابردوودا دراوەتە هاووڵاتییان و بازرگانان.
بەشی یەكەم: قەرز و پێشینەكان لای هاووڵاتییان.
لەبارەی قەرز و پێشینەكانی (خانووبەرە، نیشتەجێبوون، كشتوكاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار) كە لە رێگەی بانكەكانی سەربە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە پسپۆڕییەكان دراوە بە فەرمانبەران و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای ساڵی 2008 وە تا ساڵی 2014 ، وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوام بوو لەسەر پێشكەشكردنی ئەم خزمەتگوزارییانە.
بەڵام دوای ساڵی 2014 بە هۆكاری قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكان كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەوە، ئەم خزمەتگوزارییانە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕاگیران.
تێبینی: هەنگاوەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سوودمەندانی قەرز و پێشینەكان لە 2019 تا 2025.
١- بڕیاری لێخۆشبوونی تەواو بۆ سوودی دواكەوتنی 100%ی بڕی راستەقینەی قەرز.
٢- درێژكردنەوە و لێخۆشبوون بە ڕێژەی (15%) لە قەرزی پێشینەی (خانووبەرە، كشتوكاڵی، پیشەسازی، نیشتەجێكردن، گەشتوگوزار) بەپێی ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە ساڵانی پێشتردا بۆ چەند جارێك .
٣- لێخۆشبوونی پێشینەی خانووبەرە بۆ كەسوكاری شەهیدانی شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش.
٤- بەخشینی سوودی پێشینەی كشتوكاڵی بۆ جووتیاران.
٥- بڕی پارەی قەرزی گەڕاوە لە هەموو پێشینەكان لە ساڵی 2019 تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ دەكاتە (539 ملیار و 511 ملیۆن 489 هەزار دینار).
٦- قەرزی ماوە لای هاووڵاتییان تا كۆتایی ساڵی 2025 دەكاتە نزیكەی ترلیۆنێك و 918 ملیار و 88٨٨ ملیۆن دینار.
بەشی دووەم: قەرزی ئاسانكاری
لەبارەی گەڕانەوەی قەرزی ئاسانكاری، قەبارەی قەرزەكە بە سوود و سزای دواكەوتن تا كۆتایی ساڵی 2025 نزیكەی ترلیۆنێك و 367 ملیار و 625 ملیۆن دینارە، ئێستە بە مەبەستی سووككردنی باریی دارایی سوودمەندان، وەزارەتی دارایی و ئابووری بەهاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران، سەرقاڵی دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاوە بۆ چارەسەری ئەو پرسە و گەڕانەوەی ئەو قەرزە بۆ خەزێنەی گشتیی حكوومەت.