نرخی نەوتی خام ئەمڕۆ دووشەم لە بۆرسەی دنیا جارێكی تر رووی لە بەرزبوونەوە كرد، بەهۆی بۆردمان و وەڵامدانەوەكانی ئەمەریكا و ئێران لە هەینی ڕابردووەوە تا دوێنێ دووشەم لە ئاوەكانی كەنداو، ئەمە گومانی لەسەر ڕێككەوتن و یاداشتی واژووكراوی نێوان هەردوو وڵات دروست كردووە، جیا لەوەی گرژییەكان لە كەنداو دەبێتە هۆی هێواشبوونی گەیشتنی نەوتی خام بە بازاڕەكانی دنیا و سەرەنجام كاریگەریی لەسەر فرۆشتنی نرخی نەوت دادەنرێت.
ئەمڕۆ دووشەم لەگەڵ كرانەوەی بۆرسەی دنیا، نرخی نەوتی خامی برنت 58 سەنت بەرز بووەوە و بەرمیلێكی بە 72 دۆلار و 57 سەنت فرۆشرا، نەوتی خامی تێكساسی ئەمەریكایش 80 سەنت بەرز بووەوە و نرخی بەرمیلێكی گەیشتە 70 دۆلار و 11 سەنت.
شرۆڤەكارانی بازاڕ لە كۆمپانیای ئەی ئێن جی بۆ ڕۆیتەرز ئاماژەیان داوە، تا ئێستەیش مەترسیی گەورە لەسەر بازاڕی
نەوت بوونی هەیە، بە خێرایی و بە ئاسانی هەناردەكردنی نەوت و دروستكردنەوەی هاوسەنگی بۆرسەی دنیا لەسەر خواستن و خستنەبازاڕ دروست نابێتەوە و كاتی پێویستە، بۆیە پێویستە بە وردیاییەوە مامەڵە لەگەڵ كڕین و فرۆشتنی نەوت بكرێت.
هەفتەی ڕابردوو لە پەراوێزی دانوستانەكانی ئەمەریكا و ئێران، نرخی نەوت بە ڕێژەی 10.6% دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەمەیش ئومێدی بۆ وڵاتانی دنیا گەڕاندەوە كە جارێكی تر نەوت بێ كێشە و بە نرخی هەرزان پێیان دەگاتەوە.