وەزارەتی كارەبای عێراق ڕای گەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا، بڕیاری دوورخستنەوەی 20 بەرپرسی باڵای لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای بەسرە دەركرد.
بڕیارەكە تەنیا ڕێكارێكی كارگێڕی نییە، بەڵكو بەشێك لەو بەرپرسانە بەهۆی گومانی تێوەگلان لە گەندەڵیی دارایی و سەرپێچیی كارگێڕی، رووبەڕووی لێكۆڵینەوەی یاسایی دەكرێنەوە.
وەزارەتی كارەبا ڕوونیشی كردەوە، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی تایبەتیان پێكهێناوە و سكاڵای یاساییان لە دژی بەشێك لەو بەرپرسانە تۆمار كردووە.
لە دیارترین ئەو كەسانەی بڕیاری دوورخستنەوە و لێكۆڵینەوەی بۆ دەرچووە، سەیفەدین عەلی فازڵ جێگری بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای بەسرەیە كە برای زیاد عەلی فازڵ وەزیری پێشووی كارەبای عێراقە.
وەزارەتەكە دووپاتی كردووەتەوە كە لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو و سەرجەم ئەو كەسانەدا دەكرێت كە گومانی گەندەڵییان لەسەرە.