دوو شاندی عێراقی بۆ هەناردنی نەوت سەردانی توركیا و سووریایان كرد

:: PM:05:30:30/06/2026 ‌

لە دوای ئاڵۆزییەكانی دوایی كەنداو و داخرانی گەرووی هورمز، عێراق بۆی دەركەوت كە تەنیا پشتبەستن بە هەناردنی نەوت لە رێگەی بەندەرەكانی بەسرە، بژارەیەكی سەلامەت و باش نییە و لە كاتی هەر شەڕ و ئاڵۆزییەك ئابووریی وڵات دەكەوێتە تەنگژەوە، دوو شاندی ویزاریی عێراق سەردانی ئەنقەرە و دیمەشقیان كرد بۆ باسكردنی چەند پرسێك، لەوانە نەوت و ئاسایش و پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان. 

ئەمڕۆ سێشەم شاندێكی ویزاریی عێراقی گەیشتە ئەنقەرە بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنی توركی لەبارەی درێژكردنەوەی رێككەوتنی بەگەڕخستنی بۆری نەوتی عێراق- توركیا و باسكردنی میكانیزمی بەردەوامبوونی هەناردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهان، ئەوە لەوكاتەی هەوڵێكی هاوشێوەی عێراق لەگەڵ سووریا هەیە و دوێنێ فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە لە دیمەشق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سووریا بابەتی هەناردنی نەوت لە رێگەی بەندەری بانیاس باس كردووە. 

بەپێی سەرچاوەیەك هاوئاهەنگیی عێراق و توركیا و سووریا لەبارەی چەند پرسێكی گرنگ بەردەوامەن لە ماوەی دوایی بەغدا دوو شاندی رەوانەی هەردوو وڵات كردووە بۆ باسكردنی سێ دۆسیەی سەرەكی، ئاسایش و نەوت و پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان، جیا لە ئاو و ئاو و كشتوكاڵ، لە سووریا باسی زیندووكردنەوەی بۆری نەوتی عێراق بەرەو بەندەری بانیاس لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست بە هاوئاهەنگی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمەریكی كراوە، لە بەرانبەر بەهێزكردنی هاریكاریی هەردوولا لە كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان و بوونی ئەندامانی پەكەكە لە عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل