دوای دەست پێكردنی هەڵمەتێكی فرەوانی گرتنی ژمارەیەك تۆمەتبار بە گەندەڵی لە عێراق لە بەرەبەیانی یەكشەمی رابردوو، جیا لە گرتنی ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و پەرلەمانتار، دەست بەسەر بڕێكی زۆر پارە و زێڕ و موڵكوماڵی دزراو گیرا، حكوومەتی حیسابێكی بانكی بۆ پارە گەڕێندراوەكان كردەوە، راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی كاریگەریی ئەو پارانە لەسەر بودجەی دەوڵەت دەكات.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، گرنگیی گەڕاندنەوەی سامانی گشتی كە بەهۆی گەندەڵی یان دەستگرتن بەسەر سامانی گشتی كە لە دەرەوەی سووڕی ئابوورییە، تەنیا لە بەها داراییەكەی نییە، بەڵكو بەرجەستەی ویستی حكوومەت لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی مافی دەوڵەت دەكات، بەوەش متمانەی هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران بە دامەزراوەكانی دەوڵەت بەهێزتر دەبێت.
روونی كردەوە، پارە گەڕێندراوەكان گوشاری سەر بودجەی گشتیی سووك دەكەن، پێویستیی قەرزكردن كەم دەكەنەوە، سەرچاوەی زیاتری داهاتن و دەكرێ بۆ پەرەپێدانی ژێرخان و كەرتەكانی تەندروستی فێركردن و نیشتەجێكردن و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بەكار بهێنرێت، گەڕاندنەوەی ئەو پارانە جموجۆڵی ئابووری چالاك دەكات و خەرجیی وەبەرهێنان زیاتر دەكات، بەتایبەتی پڕۆژەی بەرهەمهێنەر و دابینكردنی هەلی كار، پەیامێكی دڵنیاكردنەوەی كۆمەڵگەی كاری ناوخۆ و دەرەكییە و هانی هاتنی وەبەرهێنان بۆ عێراق دەدات.