ئەمڕۆ پێنجشەم مووچەی مانگی شەشی فەرانبەرانی عێراق كۆتایی دێت، بەپێی زانیارییەكان فالح ساری داوای كردووە ئەمڕۆ مووچەی هەرێم بنێرێت، بەڵام 120 ملیارەكە دەگێڕێتەوە، هەرێم داواكەیان رەت كردووەتەوە.
وەزیری دارایی عێراق بە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی راگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەم مووچەی مانگی شەشی فەرانبەرانی تەواو دەبێت، ئامادەیە هەر ئەمڕۆ پارەی مووچەی هەرێم بنێرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێم پێیان گوتووە با بكەوێتە رۆژی شەموو و ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لە داهاتی ناوخۆ بدات.
مانگی پێشوو وەزارەتی دارایی عێراق داهاتی ناوخۆی هەرێمی لە مووچە گێڕایەوە، بەوەش كێشەی بۆ بەشێك لە مووچەخۆران دروست كرد، مامۆستایانی گرێبەست مووچەكەیان 15 رۆژ دواكەوت.
فالح ساری وەزیری دارایی عێراق گوتوویەتی، ئەم مانگەش 120 ملیارەكە دەگێڕێتەوە، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" حكوومەتی هەرێم رازی نەبووە و پێیان گوتووە، بەوە كێشە بۆ مووچەخۆرانی كوردستان دروست دەبێت.
وەزیری دارایی عێراق بەشاندی باڵای هەرێمی گوتووە، شەموو لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەبارەی داهاتی ناوخۆ بدرێت، ئەو ئامادەیە وەك خۆی بڕیارەكە جێبەجێ بكات، بەڵام خۆی دەسەڵاتی نەدانی داهاتی ناوخۆی هەرێمی نییە.
لەبارەی داهاتی ناوخۆ و گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا، د. عومەر پێنجوێنی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، حكوومەتی فیدراڵ تا ئێستە دووپات لەسەر وەرگرتنی 120 ملیار دیناری مانگانە دەكاتەوە وەك پشكی خەزێنەی دەوڵەت لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان. لە بەرنبەردا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتەكانی، داوای كردووە بۆ ئەم مانگە تەنیا 60 ملیار دینار بداتە بەغدا.
عومەر پێنجوێنی ئاماژەی بەوە كردووە، ئەگەرچی بۆ ئەم مانگە دابەشكردنی مووچە لە سەرانسەری عێراق دواكەوتووە، بەڵام پارەكە گەرەنتی كراوە و هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە.
ئەو پەرلەمانتارە پێشبینی دەكات بە ئەگەرێكی زۆرەوە، تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بگات.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران باسی لەوەش كردووە، سەرەڕای جیاوازییەكان لەسەر داهاتی ناوخۆ، بەڵام هەردوولا لە ڕێككەوتن نزیكن. ئاماژەی بەوەش كردووە كە پرۆسەی گفتوگۆكان بەردەوامە بۆ ئەوەی كێشەی تەمویلكردنی مووچە بە یەكجاری چارەسەر بكرێت.