بەرهەمی گەنم و پەتاتەی ئەمساڵی كوردستان دەگاتە دوو ملیۆن تۆن

:: AM:11:40:02/07/2026 ‌
بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی كشتوكاڵی ھەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بەرھەمی گەنم و پەتاتەی ئەمساڵ زۆرباشە و پێشبینی دەكرێت بگاتە دوو ملیۆن تۆن.

زێدا محەمەد بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی كشتوكاڵی ھەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، ڕێككەوتنمان لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا ھەیە بۆ ئەوەی بەرھەمی كشتوكاڵیی ھەرێمی كوردستان ڕەوانە بكرێت، بەڵام بەداخەوە لە زۆربەی بازگەكانی عێراقدا تا ئێستەش ڕێگریی لە چوونی بەرھەمی كوردستان دەكرێت .

گوتیشی: لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا لە پێوەندیداین بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت، چونكە ناكرێت ڕێگریی بەردەوام بێت و بە نووسراوی فەرمیش حكوومەتی عێراقمان ئاگادار كردووەتەوە، ھیوادارم بە جێبەجێكردنی سیستمی (ئەسیكۆدا) بە تەواوی كۆتایی ئەو كێشەیە بێت”.

زێدا محەمەد ڕاشی گەیاند، ئێستە كاتی پێگەییشتنی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی كوردستانە و كاری رژد دەكەین ڕێگریی لە چوونی بەرھەمی ناوخۆ نەكرێت، بازاڕی شایستە بۆ بەرھەمەكان بدۆزرێتەوە و ساغ بكرێتەوە، چونكە بەرھەمی ناوخۆ لە پێداویستی زیاترە و بۆ عێراق ڕەوانە دەكرێت، بۆیە ئەمساڵ چاوەڕێ دەكرێت داھاتی جووتیاران زۆرباش بێت.

ئاماژەی بەوە دا، پێشبینی دەكرێت بەرھەمی گەنم و پەتاتەی ئەمساڵ بگاتە دوو ملیۆن تۆن بێت.



وشە - سۆران عەزیز