لەبارەی داهاتی ناوخۆی كوردستان بانكی ناوەندی عێراق راستییەكان ئاشكرا دەكات

:: PM:01:22:02/07/2026 ‌
 بەپێی نووسراوێكی بانكی ناوەندیی عێراق كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی كردووە، ئاماژە بەوە دەكات كە داهاتی هەرێمی كوردستان 78% دابەزیوە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لە شەش مانگی ڕابردوودا جووڵەی بازرگانی و داهاتی ناوخۆ بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە.

بەپێی نووسراوەكە كە رۆژی حەوتی ئایاری 2026 ئاراستەی نووسینگەی وەزیری دارایی عێراق كراوە، بە ئاماژەدان بە نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە پێنجی ئایاری 2026، هۆكاری سەرەكیی ئەم پاشەكشەیە بۆ كێشە تەكنیكی و كارگێڕییەكان لە دەروازە سنوورییەكان گەڕاندووەتەوە.

نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، ئامارەكانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە دا، لە ساڵی 2025دا 383 مۆڵەتی هاوردەكردن درابوو كە تێیدا 82,105 ئۆتۆمبێل هاوردە كرابوو، بەڵام لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا تەنیا 333 مۆڵەت دراوە و 52,001 ئۆتۆمبێل هاوردە كراوە.

لەبارەی  هاوردەكردنی كاڵاكانیش، نەوزاد شێخ كامیل ڕای گەیاند، لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2025دا، 1,492 مۆڵەتی بازرگانی دراوە، بەڵام بۆ هەمان ماوە لە ساڵی 2026دا تەنیا 1,038 مۆڵەت دراوە، ئەمەش نیشانەی پاشەكشەی بەرچاوی مۆڵەتە بازرگانییەكانە.

شێخ كامیل هۆكاری ئەم كەمبوونەوەیەی بۆ سیستمی "ئەسیكۆدا" گەڕاندەوە و دووپاتی كردەوە، ئەو سیستمە بووەتە هۆی كەمبوونەوەی جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و بەو هۆیەشەوە داهاتی ناوخۆ كەمی كردووە.

بانكی ناوەندیی عێراق رای گەیاندووە: "دواكەوتن لە جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا (ASYCUDA) لە دەروازە سنوورییەكانی سەربە هەرێمی كوردستان، بووەتە هۆی ئەوەی كۆمپانیا بازرگانییەكان نەتوانن بە نرخی فەرمی بانكی ناوەندی دراوی بیانی بەدەست بهێنن."

بانكی ناوەندی لە نووسراوەكەیدا بۆ ئاستی هاوردەكردن لە وەرزی یەكەمی ساڵانی 2025 و 2026، دەریدەخات "دابەزینێكی گەورە لە قەبارەی ئەو كەلوپەل و مادانەدا بینراوە كە لە توركیاوە هاوردە دەكرێن."

بانكی ناوەندیی عێراق دەڵێت: "رێژەی دابەزینی داهاتەكان گەیشتووەتە 78%، ئەمەش ئاماژەیەكی روونە بۆ دابەزینێكی گەورە لە ئاستی داهاتە گشتییەكاندا."

 




وشە - سۆران عەزیز