هەرێمی كوردستان و عێراق و توركیا بۆ هەناردەی نەوت كۆبوونەوە

:: PM:04:31:03/07/2026 ‌
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رای گەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا شاندێكی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و عێراق سەردانی توركیای كردووە و لەگەڵ وەزارەتی وزەی توركیا تاوتوێی رێككەوتنێكی نوێیان كردووە بۆ بەكارخستنی بۆرییە نەوتەكان و هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە.

ئەمڕۆ هەینی سێی تەمووز وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێكدا باس لەوە دەكات لە دوو رۆژی رابردوو شاندێكی باڵای عێراق و هەرێمی كوردستان سەردانی ئەنقەرەیان كردووە. شاندەكە لە نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە و نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان پێكهاتووە لەگەڵ وەزارەتی وزەی توركیا تاوتوێی هەناردەی نەوتیان كردووە.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، "هاوئاهەنگی و راوێژیی تەكنیكی و یاسایی بەردەوام دەبێت، بە هیوای ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا واژۆ لەسەر پرۆتۆكۆلێكی جێبەجێكاریی بكرێت زامنی بەردەوامی هەناردەی نەوتی عێراق بێت بە هەرێمی كوردستانیشەوە".

دووپاتی ئەوەیش دەكرێتەوە ئەمە هەنگاوێك دەبێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ‌.

بەگوێرەی رێككەوتنێك كە لەسەرەتای حەفتەكانی سەدەی رابردوودا كراوە، عێراق لە رێگەی توركیاوە نەوت هاوردە دەكات و بەڵام ئەمساڵ توركیا بڕیاری دا چیتر رێككەوتنەكە درێژ نەكاتەوە و رێككەوتنێكی نوێ بكات.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل