نرخی گەشتی عومرە دابەزی

:: PM:01:00:04/07/2026 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، نرخی گەشتی عومرە بەڕێگەی وشكانی بۆ 325 دۆلار دابەزیوە، ساڵی رابردوو نرخەكە بەرزتر بوو و لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵیشدا گەیشتبووە نزیكەی هەزار دۆلار.

كاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ شەمموو چوارـی تەممووز بە"وشە"ی ڕای گەیاند، كە ئەو نرخەی دیاریكراوە بۆ گەشتێكی 10 رۆژییە كە هاتن و چوون بە وشكانی و مانەوەی نۆ شەو لە هۆتێل لەخۆ دەگرێت. ئاماژەی بەوەشدا كە بۆ خزمەتگوزاری زیاتر، نرخەكە 100 دۆلار زیاد دەكات.

لەبارەی گەشتی ئاسمانیش، ناوبراو رای گەیاند كە هێشتا گەشتی ئاسمانیی عومرە دەستیپێنەكردووەتەوە و نرخەكەی روون نییە.

ستوونی جەختی لەوە كردەوە كە چاودێری وردی كواڵیتی گەشتەكان دەكەن و هەر كەمتەرخەمییەك لەلایەن كۆمپانیاكانەوە رووبدات، بە دڵنیاییەوە سزای یاسایی دەدرێن.

ساڵانە زیاتر لە 50 هەزار هاونیشتمانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ئاسمانی و وشكانییەوە بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمی عومرە روو لە سعودیە دەكەن.



وشە - سۆران عەزیز