له ڕاگه‌یه‌نراوی كۆبوونه‌وه‌ی شه‌وی ڕابردووی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق هاتووه، كه ئه‌نجوومه‌نه‌كه ڕه‌زامه‌ندی داوه به‌وه‌ی كۆمپانیای نه‌وتی به‌سره ڕێككه‌وتنی سه‌ره‌تایی بێ ئاشكراكردنی ناوه‌رۆكی ڕێككه‌وتنه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای كۆنسۆرتیۆم و كاپیتال تی ئه‌ی و شیڤرۆنی ئه‌مه‌ریكی و ی‌و سی سی قه‌ته‌ری واژوو بكات، تا توێژینه‌وه له‌سه‌ر دروستكردنی بۆڕی نه‌وتی به‌سره - به‌نده‌ری بانیاس له سووریا و به‌سره بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان له توركیا بكه‌ن.
كۆمپانیای كۆنسۆرتیۆم و هاوبه‌شه‌كانی تری له‌و پرۆژه‌یه ده‌ست به توێژینه‌وه‌ی هونه‌ری و دارایی و ڕێڕه‌وه‌كانی ڕۆیشتنی بۆڕی بۆ هه‌ردوو ئاراسته واته بۆ به‌نده‌ری بانیاس و به‌نده‌ری جه‌یهان به ورده‌كاری ته‌واوه‌وه ئاماده ده‌كه‌ن.
له به‌شێكی تری
ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه هاتووه، ئه‌و ڕێككه‌وتنانه هیچ پابه‌ندبوونێكی دارایی ناخاته سه‌ر ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و ئه‌و كۆمپانیایانه وه‌ك ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنان ئه‌و كاره ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
هێما بۆ ئه‌وه‌یش كراوه، كه ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندی به كۆمپانیای نه‌وتی به‌سره داوه كه ڕێككه‌وتنی خزمه‌تگوزاری ڕاوێژبهخشین له‌گه‌ڵ كۆمپانیای كه‌ی پی ئاڕ واژوو بكات، له ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی بۆڕی نه‌وت له نێوان به‌سره و حه‌دیسه.
به‌هۆی داخستنی گه‌رووی هورمز له چه‌ند مانگی ڕابردوو عێراق زیانێكی گه‌وره‌ی ئابووری به‌ركه‌وت، چونكه نه‌وتی ته‌نیا له ڕێی ئاوه‌كانی كه‌نداوه‌وه هه‌نارده ده‌كرد و به داخستنی هورمزیش هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق نزیكبووه‌وه له‌وه‌ی به ته‌واوی بوه‌ستێت، ئه‌مه‌یش سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی و یه‌كه‌می داهاتی وڵاتی وه‌ستاند كه زیاتر له 90%ی داهاتی وڵات پشت به هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وت ده‌به‌ستێت، بۆیه ئێسته بیر له دۆزینه‌وه‌ی شوێنگره‌وه‌ی هورمز ده‌كات و دوو بژاره‌ی گرنگی له‌به‌رده‌مدایه كه یه‌كه‌میان به‌ستنه‌وه‌ی نه‌وتی به‌سره‌یه به به‌نده‌ری بانیاس له سووریا ئه‌وه‌ی تریش به‌ستنه‌وه‌یه‌تی به به‌نده‌ری جه‌یهان له توركیا.