پەرلەمانتارێك: حیساباتی كۆتایی هەشت بودجەی عێراق بوونی نییە

:: PM:07:59:05/07/2026 ‌

خەریكە لەسەر هەموو ئاستەكان گەندەڵییەكانی ساڵانی رابردوو لە عێراق ئاشكرا دەبن، بەتایبەتی لە كەرتی نەوت و دارایی و گرێبەستەكان، پەرلەمانتارێكی عێراق ئاماژە دەكات كە حیساباتی كۆتایی هەشت بودجەی عێراق بوونی نییە، راوێژكارێكی ئابووری سەرۆك وەزیرانیش دەڵێت، نیوەی كەرتی تایبەت لە عێراق خۆی لە دانی باج دەدزێتەوە.

پێ دەچێت پەرەسەندنی گەندەڵی و خراپیی ئیدارەدان و چاوپۆشی و دەستتێكەڵكردن و نەبوونی چاودێری، وەك تۆپەڵە بەفرێك ساڵ بە ساڵ تەنگژەی عێراقیان گەورەتر كردبێت، بە شێوەیەك هەر حكوومەتێك لە كارنامەكەی دروشمی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چارەسەركردنی تەنگژەكان بەرز بكاتەوە، نازانێت و ناتوانێت لە كوێ دەست پێ بكات، هاوكات سەرەداوەكان بەرەو تەواوی حزبە سیاسی و گرووپە چەكدار و سیاسەتەوان و بەرپرسانی دەوڵەت دەچن.

لە كۆنگرەیەكی ئابووری بە ناونیشانی "عێراق لە دوای قۆناغی نەوت"، یووسف كیلابی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، چەند جارێك پەرلەمانی عێراق هەوڵی پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسای گرنگ و ئابووری داوە، بەڵام لە 2010 دادگای فیدراڵی بڕیارێكی دەركرد و رێگری لە پەرلەمان كرد پێشنیاز و پڕۆژەیاسای وا پێشكەش بكات كە رەهەندی دارایی هەبێت.

روونی كردەوە، بۆیە خولەكانی پێشووی پەرلەمان بەدەست بێتوانایی حكوومەت ناڵاندوویانە، دیارترین كێشە نەبوونی حیساباتی كۆتایی بۆ بودجەكان بوو، كە بەهۆیەوە پەرلەمان نەیتوانیوە پێویستی دارایی كەرتی ئابووری دیاری بكات، پەرلەمان یاسای بودجەی سێ ساڵی دەركرد و حكوومەتی پابەندی پێشكەشكردنی خشتە داراییەكان بەر لە كۆتاهاتنی هەر ساڵێك كرد، كەچی حكوومەت لە 2025 پێوەی پابەند نەبوو.

لای خۆیەوە مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری ئابووریی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد كە 50%ی بازاڕ نارێكخراوە و خۆی لە دانی باج دەزێتەوە.    




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل