بەپێی توێژینەوەیەك.. پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون هیچ لە ژمارەی كرێنشینان كەم ناكەنەوە

:: AM:09:25:08/07/2026 ‌
بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ، پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە كوردستان تووشی قەیرانی گەورە بوون،  توێژینەوەكە گەیشتووە بەو ئەنجامەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون ئەوانەی بەناوی شارەكانەوە كراونەتەوە، هیچ لە ژمارەی كرێنشینان كەم ناكەنەوە.

لە هەرێمی كوردستان بە هەزاران یەكەی نیشتەجێبوون دروست كراون، هەست بە زۆری و بۆری لەم بابەتەدا دەكرێت و ئەگەر ساڵانی پێشوو بەهۆی هاتنی لێشاوی عەرەبەوە بازاڕیان هەبووبێت، ئێستە بازاڕیان بەتەواوی لاواز بووە.

بەپێی توێژینەوەیەكی دامەزراوەی "ڤیژن" بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی، پێنج هۆكاری سەرەكی بۆ كزبوونی بازاڕی خانووبەرە دیاری دەكات:

1- شكستی بازاڕ: نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕوو كە پێویستی بە دەستوەردانی حكوومەت هەیە.

2- كەمیی داهات: نەگونجانی نرخی یەكەكان لەگەڵ توانای دارایی هاووڵاتییان.

3- چڕبوونەوەی سەرمایە: كۆبوونەوەی سەرمایەی كەرتی تایبەت تەنیا لە بواری نیشتەجێبوون و فەرامۆشكردنی كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ.

4- نەبوونی سیستمی بانكی: پشتبەستن بە بازاڕی نادیسپلین بۆ بەدەستهێنانی قازانجی خێرا.

5- تێچووی بەرز: ناڕەخسانی دەرفەت بۆ ئەو كەسانەی مووچەی مامناوەندییان هەیە بەهۆی بەرزیی تێچوو و نرخەكان.

سەرەڕای دروستكردنی هەزاران یەكەی نیشتەجێبوون لە 20 ساڵی ڕابردوودا، توێژینەوەیەكی نوێ دەریدەخات كە 81%ـی كڕیارانی خانوو و شوقە لە سلێمانی، مووچەخۆری حكوومەتن و ئەمەش بازاڕەكەی ڕووبەڕووی وەستان كردووەتەوە.

داتاكانی توێژینەوەكە ئاشكرای دەكەن، بازاڕی نیشتەجێبوون لە سلێمانی بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە مووچەخۆران دەبەستێت. 81%ـی كڕیاران فەرمانبەر و مووچەخۆری حكوومەتن، لە كاتێكدا تەنیا 9%ـی كڕیاران لە كەرتی تایبەت كار دەكەن و ئەوانی تریش خاوەنی كاری سەربەخۆن. هەروەها 26%ـی كڕیارانی یەكەكان بە كەسانی بیانی (دەرەوەی شاری سلێمانی) ئەژمار كراون.




وشە - سۆران عەزیز