ئێران: بەهۆی بۆردمانی ئەمەریكاوە هێڵی شەمەندەفەری تاران-مەشهەد لەكار كەوت

:: AM:08:57:09/07/2026 ‌

كۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەم ئاشكرای كرد، ڕێڕەوی گەشتی شەمەندەفەر لە تارانەوە بۆ مەشهەد و بە پێچەوانەوە، بەشێوەیەكی كاتی وەستاوە، هۆكارەكەیشی بۆ بۆردمانكردنی هێڵی ئاسنینی ناوچەكەیە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە.

لە ڕاگەیەنراوێكی كۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئێراندا هاتووە، دوای بۆردمانكردن و زیانگەیاندن بە هێڵی ئاسنی نێوان تاران و مەشهەد لەلایەن ئەمەریكاوە، تیمی تەكنیكی و هونەری گەیشتنە شوێنی ناوچەكە و خەریكی كاركردنن بۆ چاككردنەوە و دووبارە ڕۆیشتنی شەمەندەفەرەكانن لە تاران بۆ مەشهەد و بە پێچەوانەوەیش بە زووترین كات.

هێمای بۆ ئەوەیش كردووە كە وەك پلانێكی شوێنگرەوەی كاتی، گەشتیاران و ئەوانەی دەیانەوێ بچنە مەشهەد یان لە مەشهەد بێنەوە بۆ تاران، پاسی تایبەت تەرخان كراوە و سەرجەمی ئەو سەرنشینانەی ویستوویانە بۆ ئەو دوو شارە بچن، بە ئامانجی گەشتەكەیان دەگەیەنرێن.

شەوی ڕابردوو و بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم، سوپای ئەمەریكا بۆردمانی 90 ئامانجی سەربازی لە ئێران كرد، یەكێك لەو ئامانجانەیش هێڵی شەمەندەفەری نێوان تاران و مەشهەد  و فڕۆكەخانەی ئێرانشەهر بوو.

سەرچاوەیەكی ئەمەریكی بۆ "ئەكسیۆس" گوتی، ئەمەریكا ئامانجەكانی لە ئێران بە تەواوی فراوان كردووە و دەست دەكات بە بۆردمانكردنی ژێرخانی هاتوچۆ و گواستنەوە لە ئێران.


وشە - باز ئه‌حمه‌د