پێشبینییەکانی بەرزکردنەوەی نرخی سوود زێڕ بەرەو دابەزینی هەفتانە دەبەن

:: AM:09:20:10/07/2026 ‌
لە سەرەتای مامەڵەکانی ئەمڕۆ هەینی 10ی تەمووزی 2026، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەسەر نرخی زێڕدا نەهاتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە بازاڕەکان هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەکانی هەڵاوسان دەکەن کە بەهۆی نوێترین ئاڵۆزیی سەربازیی نێوان ئەمەریکا و ئێران دروست بووە، هاوکات نوێبوونەوەی پێشبینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سوود، ئەو کانزایەی بەرەو دابەزینێکی هەفتانە پاڵ ناوە.

نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا لە 4122.09 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک جێگیر بووە و بەرەو زیانێکی هەفتانە دەچێت کە ڕێژەکەی لە یەک لە سەد تێپەڕ دەکات. 

هەروەها گرێبەستە دواخراوەکانی ئەمەریکا بۆ زێڕ کە لە مانگی ئاب ڕادەست دەکرێن، بە ڕێژەی 0.2٪ دابەزی و گەیشتە 4131.50 دۆلار.

دوێنێ پێنجشەم، هێزە چەکدارەکانی ئێران هێرشیان کردە سەر ژێرخانی سەربازیی ئەمەریکا لە وڵاتانی کەنداو، ئەمەش دوای بۆردمانەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ناوچە کەناراوییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئێران، کە فشاری زیاتری خستە سەر ئەو ئاگربەستەی سێ هەفتە لەمەوبەر ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو.

نوێترین زنجیرەی هێرش و بۆردمانەکان، مەترسییەکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی زیاتر کرد و ئەگەری ئەوەی بەهێزتر کرد کە ئەنجوومەنی یەدەگی فیدراڵی ئەمساڵ نرخی سوودی ئەمەریکا بەرز بکاتەوە.

بەپێی ئامرازی "فید وۆچ"ـی سەر بە گرووپی (CME)، بازاڕەکان ئەگەری بەرزکردنەوەی نرخی سوود لە مانگی ئەیلوول بە ڕێژەی 64٪ دەبینن، لە کاتێکدا هەفتەیەک پێش ئێستە ئەو ڕێژەیە 54٪ بوو.

ئەم هەفتەیە کۆنووسی کۆبوونەوەی مانگی حوزەیرانی ئەنجوومەنی یەدەگی فیدراڵی بڵاو کرایەوە، کە تێیدا دەرکەوت مەترسییەکان لە نێوان داڕێژەرانی سیاسەتی نەختینەیی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان زیادی کردووە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی کەم پێیان وا بوو پاساوێک بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سوود هەیە.

دوێنێ پێنجشەم، جۆن ویلیامز سەرۆکی بانکی یەدەگی فیدراڵی لە نیویۆرک، بەدووری زانی کە نرخی وزە بە شێوەیەکی بەردەوام لە مانگەکانی ماوەی ئەمساڵ بەرز ببێتەوە، سەرەڕای نوێبوونەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها ژمارەی ئەو ئەمەریکییانەی هەفتەی ڕابردوو داواکاریی نوێیان بۆ وەرگرتنی هاوکاریی بێکاری پێشکەش کردووە، دابەزیوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بازاڕی کار بە جێگیری ماوەتەوە سەرەڕای خاوبوونەوەی گەشەی هەلی کار لە مانگی حوزەیران.

سەبارەت بە کانزا بەنرخەکانی تریش، لە مامەڵە خێراکاندا نرخی زیو بە ڕێژەی 0.1٪ دابەزی و گەیشتە 59.94 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، هەروەها پلاتین بە ڕێژەی 0.2٪ بەرز بووەوە و گەیشتە 1614.22 دۆلار، پەلادیۆمیش بە ڕێژەی 0.4٪ بەرز بووەوە و گەیشتە 1252.75 دۆلار. هەر سێ کانزاکەش بەرەو زیانی هەفتانە دەچن.


وشە - پۆڵا مەحموود