ئەمڕۆ لە بەغدا 120 ملیارەكە و ناردنی مووچە یەكلا دەكرێتەوە

:: AM:09:27:11/07/2026 ‌
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت، هەرچەندە بەفەرمی لە كارنامەكەدا بابەتی مووچەی تێدا نییە، بەڵام بڕیار لە ناردنی مووچە و داهاتی ناوخۆش دەدرێت.

فالح ساری وەزیری دارایی عێراق لەبارەی خەرجكردنی مووچەی مانگی حوزەیران، بەڵێنی ناردنی داوە و باسی لەوە كردووە وەك وەزیر پابەندە بەناردنی مووچە و پێش دابەشكردنی مووچەی سەرۆكایەتییەكانی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەنێرێت.

بەڵام وەزیری دارایی سوورە لەسەر لێبڕینی داهاتی ناوخۆ كە رێژەكەی 120 ملیارە، ئەوەش كێشە بۆ بەشێك لە مووچەخۆرانی كوردستان دروست دەكات.

بەپێی زانیارییەكان، حكوومەتی هەرێم بەردەوام لەسەر هێڵ بووە تا ئەمڕۆ شەموو لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بابەتی داهاتی ناوخۆ یەكلا بكرێتەوە.

شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ڕابردوو كە سەردانی بەغدادی كرد، بە ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی عێراقیان گوت كە "ناتوانن 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بنێرن".

بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری دارایی عێراق  وەڵام و سەرنجی خۆی بۆ داواكارییەكەی هەرێمی كوردستان بخاتە بەردەم زیدی و ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم بدەن، بەوەش كێشەی مووچە بۆ چوار ساڵی تر چارەسەر دەكرێت.









وشە - سۆران عەزیز