وەزارەتی دارایی عێراق ڕای دەگەیەنێت، ڕۆڵی ئەوان لە پرسی گێڕانەوەی ئەو پارانەی لە دۆسیەكانی گەندەڵیدا براون، تەنیا لە ڕووی دارایی و گێڕانەوەی مافەكانی گەنجینەی گشتییەوەیە. دووپاتیش دەكاتەوە كە ڕێكارە دادوەرییەكان لە تایبەتمەندیی دەسەڵاتی دادوەرین.
لە ڕاگەیەنراوێكدا وەزارەتی دارایی كە ئەمڕۆ شەموو وەك ئاماژەیەك بۆ ڕاگەیەنراوەكەی دوێنێی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە كردووە هەر میكانیزمێك بۆ دانەوەی ئەو بڕە پارانەی لەسەر شانی سزادراوانە، دەبێت گەرەنتی وەرگرتنەوەی تەواوی مافەكانی گەنجینەی گشتی بكات و پابەندكەر و جێبەجێكراو بێت، بۆ ئەوەی سامانی گشتی و مافەكانی دەوڵەت پارێزراو بن.
وەزارەتەكە ڕوونیشی كردووەتەوە، ئەوەی پێوەندیی بە ڕێكارە دادوەرییەكان یان داواكارییەكانی لێخۆشبوونەوە هەیە كە پێشكەش بە دادگاكان دەكرێن، لە تایبەتمەندیی قۆرخكراوی دەسەڵاتی دادوەرییە كە دەسەڵاتەكانی خۆی بەپێی ڕێكارە یاساییە پەسندكراوەكان پیادە دەكات.
لە كۆتاییشدا وەزارەتی دارایی دووپاتی كردووەتەوە كە سوورە لەسەر تەواوكاری لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە چاودێرییە تایبەتمەندەكان، بەمەبەستی بەهێزكردنی هەوڵەكانی پاراستنی سامانی گشتی بەپێی یاساكان.