كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەی كەمئاویی لە هەولێر بەڕێژەی 100% چارەسەر كردووە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمیش دەڵێت، لە ڕێگەی چەند پڕۆژەی ستراتیجییەوە كار بۆ بنەبڕكردنی كێشەكە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دەكرێت.
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە رێگەی پڕۆژەی ستراتیجی، كێشەی ئاوی هەولێری چارەسەر كرد كە پێشتر شارەكە بەدەستیەوە دەیناڵاند.
ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، پرسی ئاو تەوەرێكی سەرەكیی كارنامەی حكوومەت بوو، هەر لە سەرەتای كابینەی نۆدا راستەوخۆ دەست كرا بەكاركردن بۆ چارەسەری ئەو كێشە گەورەیە.
گوتی، لە ڕێگەی دروستكردنی پۆند و بەنداوەكانەوە، كار بۆ كۆكردنەوەی ئاو، كەمكردنەوەی مەترسییەكانی لافاو و گۆڕینی سیستمی بەكارهێنان لە ئاوی ژێرزەوییەوە بۆ سەر زەوی كرا، بە جۆرێك تەنیا لە كابینەی نۆیەمدا، توانای گلدانەوەی ئاو بۆ زیاتر لە 250 ملیۆن مەتر سێجا بەرز بووەتەوە.
نەك هەر لە شاری هەولێر، كابینەی نۆ لە شارەكانی تریشدا هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی ئاوی داوە، بۆ نموونە پڕۆژەی گۆپتەپە- چەمچەماڵ: 38%ـی كارەكانی تەواو بووە و بڕیارە كۆتایی ئەمساڵ تەواو بكرێت، ڕۆژانە توانای دابینكردنی 84 هەزار مەتر سێجا ئاوی دەبێت.
هاوكات هێڵی سێیەمی دوكان- سلێمانی: ماوەی مانگێكە كارەكانی دەستی پێ كردووە، لە سەعاتێكدا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەكات بۆ چارەسەركردنی بەشێكی زۆری كێشەی ئاوی شارەكە.
ئەوە لە كاتێكدایە پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان 75%ـی كارەكانی تەواو بووە، لە كۆتایی ئەمساڵدا كۆتایی دێت و كێشەی كەمئاویی شارەكە 100% چارەسەر دەكات.
پڕۆژەی ئاوی ئاكرێ 70%ـی كارەكانی تەواو بووە، بڕیارە لە ئاداری 2027 بەتەواوی جێبەجێ بكرێت.
پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش، كاركردن تێیدا بەردەوامە و تا ئێستە 25%ـی كارەكانی تەواو بووە.
پڕۆژەی ئاوی دەڤەری بارزان، پڕۆژەی ئاوی 53 گوندی دەڤەرەكە كارەكانی تەواو بووە و بەمنزیكانە دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییان.