سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران 91 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر دەفرۆشێت

:: PM:02:32:12/07/2026 ‌
سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی فرۆشتنی ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر، زیادكردنێكی ئاشكرا ڕادەگەیەنێت.

بەپێی ئەو ئاگادارییەی كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گرێبەستەكان و خانووبەرەی سەربە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڵاو كراوەتەوە، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەم 2026/7/23، سەعات 11:30ـی پێش نیوەڕۆ، پرۆسەی زیادكردنی ئاشكرا بۆ فرۆشتنی 91 ئۆتۆمبێل ئەنجام بدرێت.

پرۆسەكە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، كۆمپانیای (DNO/كێڵگەی تاوكێ) بەڕێوە دەچێت. هاوكات لە ئەگەری پشووی فەرمی لەو ڕۆژەدا، زیادكردنەكە بۆ ڕۆژی دواتر دوا دەخرێت.

لە ئاگادارییەكەی حكوومەتدا هاتووە بۆ بەشداریكردن لەم زیادكردنە ئاشكرایە، پێویستە بەشداران پابەندی ئەم مەرجانەی خوارەوە بن:
1- دانانی چەكی پەسندكراو (سەفتەجە) بە بڕی 160 ملیۆن دیناری عێراقی.
2- ڕسوومات و خەرجییەكانی بڵاوكردنەوەی ئەم ئاگادارییە دەكەوێتە ئەستۆی ئەو كەسەی كە زیادكردنەكەی بۆ دەردەچێت.
3- فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەكان بەشێوەی نەختینە (نەقد) دەبێت و بە دیناری عێراقی دەبێت.
4- كڕیار پێویستە بە ماوەی پێنج ڕۆژ ئۆتۆمبێلەكان بگوازێتەوە.
5- ئۆتۆمبێلەكان لە ڕۆژی بڵاوكردنەوەی ئەم ئاگادارییە لە شوێنی ئاماژەپێكراو دەتوانرێت ببینرێن.
6- وەرگرتنی ڕێژەی 2% لە كۆی فرۆشتنەكە بەزیاد دەبێت.
7- گشت ئۆتۆمبێلەكان بە سووتەمەنیی گازوایل كار دەكەن.
8- بۆ پێشوەختە بینینی ئۆتۆمبێلەكان، دەتوانرێت پێوەندی بە ژمارە (07504498887) بكرێت.




وشە - سۆران عەزیز