پڕۆژەی گەشتیاریی كۆرنیشی زاخۆ وەك یەكێك لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییەكانی سێكتەری گەشتیاری، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دادەنرێت.
ئەم پڕۆژەیە دوای تەواوبوونی قۆناغی یەكەمی، سەرنجی ژمارەیەكی زۆری گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەی بۆ شارەكە ڕاكێشا، ئێستەش كارەكان بۆ تەواوكردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەكە بە گوژمەی شەش ملیار دینار بەردەوامن.
درێژیی قۆناغی دووەمی كۆرنیشی زاخۆ، سێ كیلۆمەترە و زیاتر لە 50% سەوزایی لەخۆ دەگرێت، پیادەی هاتوچۆ بە پانتایی هەشت مەتر بۆ هەر لایەك دروست كراوە، پڕۆژەكە گەیشتە كۆتا قۆناغی دروستكرن كە خواردنگە، كافتریا و بەلەمی گەشتیاری لە پڕۆژەكەدا هەن.
قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی گەشتیاریی كۆڕنیشی زاخۆ بە درێژایی هەزار و 500 مەتر، لە ھەردوو دیوی ڕووباری خاپوور لە زاخۆ جێبەجێ كراوە، تێچووەكەی 11 ملیار و 500 ملیۆن دینارە، لە ناو پڕۆژەكەدا بەنداوێك بە درێژایی 73 مەتر و بەرزیی 3,5 مەتر دروست كراوە كە توانای گلدانەوەی 250 ھەزار مەتر سێجا ئاوی ھەیە، لە ھەمان كاتدا 70%ی ئەو پڕۆژەیە سەوزاییە و ئەمەش سوودێكی باش بە ژینگەی ناوچەكە دەگەیەنێت.
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بڕیاری داوە، تەواوی لێواری خاپوور لە پردی دەلالەوە تا دەگاتە پردی خانی كە كۆتا خاڵی بازاڕی زاخۆیە، ببێتە كۆرنیش و شوێنی گەشتیاری.