نرخی نەوت بۆ 87 دۆلار بەرز بووەوە

:: PM:06:53:14/07/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنەوەی شەڕی ئاسمانیی ئێران و ئەمەریكا و دروستبوونی كێشە بۆ هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە هەڵكشان كرد و ئێوارەی ئەمڕۆ سێ دۆلاری تر بەرز بووەوە، ئەوەش لە دوای شكستهێنانی ئاگربەست و هەڕەشەكانی سەرۆكی ئەمەریكا بەوەی ئەمشەو گەمارۆی دەریایی دەخاتەوە سەر بەندەرەكانی ئێران.

ئێوارەی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك خاوی برێنت، كە پێوەریی دنیایی نرخی نەوتە، گەیشتە 87 دۆلار، كە ئەوەش بەرزترین ئاستە لەوەتەی 12ی حوزەیرانی رابردووەوە، لەوكاتەی نرخی بەرمیلێك خاوی رۆژئاوای تەكساس، كە پێوەریی ئەمەریكییە بۆ نرخی نەوت، بە رێژەی 3.6% بەرز بووەوە و گەیشتە 81 دۆلار، ئەوە لەوكاتەی نرخی گرێبەستەكانی برێنت لە بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە 84.98 دۆلار، نرخی رۆژئاوای تەكساسیش 79.79 دۆلار بوو.

لە دوای چەند رۆژێك لە پەرەسەندنی دۆخەكە و هێرش و هێرشی بەرانبەری ئێران و ئەمەریكا، گومان و ترس كەوتەوە سەر هاتوچۆی دەریایی بە گەرووی هورمز، تاران رای گەیاند كە گەرووی هورمز دادەخات و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكاش دووپاتی كردەوە كە لەومشەوەوە گەمارۆ دەخاتەوە سەر بەندەرەكانی ئێران. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل