وەرگرتنی تەماتە لەلایەن كارگەكانی دۆشاوی تەماتە دەست پێ‌ دەكات

:: AM:09:30:15/07/2026 ‌
پێگەیشتنی تەماتە لە ناوخۆ و زیادبوونی بەرهەمەكەی، وایكردووە كارگەكان دەست بكەن بە وەرگرتنی تەماتە لە جووتیاران و ئێستە ئامادەكاری دەستی پێ‌ كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی تەمووز، شوان غەریب ئەندازیاری یەكێك لە كارگەكانی دۆشاوی تەماتە، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە ‌هەفتەی ئایندەوە بەشێوەیەكی بەرفراوان دەست دەكەین بە‌وەرگرتنی بەرهەمی تەماتە، كارگەكەمان لە ‌توانایدایە لە یەك سەعات 15 تۆن تەماتە بە‌نرخێك كە بەدڵی جووتیاران بێت، وەربگرێت.

زیاتر گوتی، كارگەكان لەگەڵ پێگەیشتنی تەماتەی خۆماڵی، دەست دەكەن بە وەرگرتنی تەماتەی جووتیاران، لە كارگەكەی ئێمە لە یەك سەعاتدا دەتوانرێت شەش هەزار قوتوو دۆشاوی تەماتەی 800 گرامی بەرهەم بهێنرێت.

روونی كردەوە بەپێی ئەو پلانەی كارگەكان لە هەرێمی كوردستان دایانناوە بە ‌سێ شەفت كار دەكەن، لەبەرئەوەی چوار بۆ پێنج مانگمان لە بەردەستدایە بۆ وەرگرتنی تەماتە، ئەو دۆشاوەی سەرەتا دروستی دەكەین زۆر خەستە و ڕێژەی چڕییەكەی 40%ـە، دۆشاوەكە هەڵدەگرین تا كاتی تەواوبوونی بەرهەمهێنان، دواتر ئەو چڕییە خاو و شل دەكەینەوە بۆ 26 بۆ 28% كە ئەوەش ڕێژەیەكی ستانداری جیهانییە بۆ خەستیی دۆشاوەكە.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئێستە پلانێك هەیە لە نێوان هەرسێ‌ كارگەكەی هەرێمی كوردستان لە بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە، ئەوان بەشدارن ڕێژەی بەرهەمهێنان زیاتر بكەن بۆ ئەوەی بەشی هەموو بازاڕی عێراق بكات.


وشە - رامیار جەواد