بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند، ئەمەریكا پشتیوانی كۆششەكانی عێراق و سووریا دەكات بۆ نۆژەنكردنەوەی هێڵی نەوتی كەركووك- بانیاس دەكات، بۆ ئەوەی چیتر عێراق لە هەناردەی نەوت نەكەوێتە ژێر هەژموونی ئێران.
ئەمڕۆ چوارشەم 15ی تەمووز، بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ
رۆیتەرز ئاشكرای كردووە، ئەمەریكا پشتیوانی كۆششەكانی عێراق و ئێران دەكات بۆ ئەوەی بە خێرایی دەست بكرێت بە نۆژەنكردنەوەی هێڵە نەوتییەكە.
وەك بەرپرسەكە ئاماژەی بۆ كردووە، پشتیوانییەكە لەڕووی كردەنییەوە دەبێت، كۆمپانیا ئەمەریكییەكان رۆڵیان دەبێت لەوەی پەلە بكرێت لە نۆژەنكردنەوەی هێڵەكە، كە لە چەندان قۆناغدا لەوانە لە كاتی داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە زیانی بەركەوتووە.
رۆیتەرز باس لەوەیش دەكات كە لەوانەیە كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریكا لە نۆژەنكردنەوەی هێڵەكە بەشدار بێت، ئامانجی سەرەكیش ئەوەیە عێراق و تەنانەت وڵاتانی تریش چیتر لە هەناردەی نەوت پشت بە گەرووی هورمز نەبەستن.
هێڵی كەركووك- بانیاس یەكێكە لە هێڵە كۆنەكان بۆ هەناردەی نەوتی عێراق، نەوتی كەركووك بە بەندەری بانیاسی سووری دەگەیەنێت. درێژیی بۆڕییە نەوتییەكە نزیكەی 800 كیلۆمەتر دەبێت و لە چەندان قۆناغدا ئەو هێڵە وەستاوە و دواجاریش لە 2013 تا ئێستە لە كار كەوتووە.