سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، كە تەنیا لە 15 رۆژی یەكەمی ئەم مانگەدا زیاتر لە 15 هەزار داواكاری ڤیزا بۆ توركیا پێشكەش كراون.
دزەیی بۆ رۆژنامەنووسان گوتی، تەنیا لەم 15 رۆژەی سەرەتای مانگی تەمووزدا، لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، دهۆك و سلێمانی، زیاتر لە 15 هەزار داواكاری ڤیزا پێشكەشی كونسوڵگەى گشتیی توركیا كراون و خواستێكی زۆر بۆ سەردانیكردنی توركیا هەیە، چ بۆ مەبەستی گەشتیاری بێت یان چارەسەری پزیشكی و بازرگانی.
دووپاتی لەوە كردەوە كە هاووڵاتییان دەتوانن لە پارێزگاكانی خۆیانەوە مامەڵەكانیان ئەنجام بدەن.
بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە لەبارەی سیستمی ئەسیكۆدا و رای گەیاند، گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە چوارچێوەیەكی لێكتێگەیشتنی باش و دەخوازین ئەم لێكتێگەیشتنانە جێبەجێ بكرێن، چونكە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئابووریی هەموو عێراقدایە.