لەگەڵ راگرتنی كارەكانی داناغاز لە كێڵگەی كۆرمۆر، بازاڕی سووتەمەنی لە كوردستان تووشی شەڵەژان بوو، بەڵام حكوومەتی هەرێم لە رێگەی حكوومەتی فیدراڵەوە كێشەكەی چارەسەر كرد.
سیپان شێروانی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بە"وشە"ی راگەیاند، بە هەوڵی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزیری نەوتی فیدراڵ، ڕەزامەندیی درا لەسەر پڕكردنەوەی بۆشایی غازی شلی ماڵان لە هەرێمی كوردستان و گوتی، ئەم هەوڵانەش بۆ ئەوەیە كێشە لە غازی شل دروست نەبێت.
سیپان شێروانی گوتیشی، ئەمڕۆ بڕی 140 تۆن غاز بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە كراوە، بەردەوامیش هەناردە دەكرێت و ئێمەش لە بەغدا چاودێریی دەكەین تا پرۆسەی ناردنی غاز بەردەوام بێت.
باسی لەوەش كرد، ئەو بڕەی ئەمڕۆ نێردراوە كەمە و رۆژانی داهاتوو بەڵێن هەیە بڕەكەی زیاتر بكرێت، چونكە ئەم بڕەی ئێستە بەشی پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان ناكات.