نزار ناسر حوسێن پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق، كە هاوەڵی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە سەردانەكەی بۆ واشنتن دەكات، ئاماژەی كرد كە لە دوای جێبەجێكردنی رێوشوێنەكانی پابەندبوون و خۆگونجانیان لەگەڵ بەرنامەی چاكسازیی كەرتی بانكی، حەوت بانكی عێراقی گەڕێندرانەوە ناو سیستمی دارایی دنیا.
بەپێی
بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی بانكی ناوەندی، لە سەردانە فەرمییەكەی ئەمەریكا، زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكی هاتە سازكردن، بووە هۆی گەیشتن بە لێكگەیشتن لەبارەی گەڕاندنەوەی ژمارەیەك بانكی عێراق، كە لە حەواڵەی دەرەكی و مامەڵەكردن بە دۆلار كۆتیان خرابووە سەر، لە دوای پابەندبوون بە پێوەر و مەرجەكان ئەوان گەڕیندرانەوە ناو سیستمی دارایی دنیا.
زیاتر گوتی، ئەو بانكانەی پێویستییەكانی چاكسازی و گەڕاندنەوەی مۆڵەتەكانیان تەواو دەكەن، دوای ئەوە شایستەیی مامەڵەكردن بە دۆلاری ئەمەریكیان بۆ دەگەڕێندرێتنەوە، واتە لە دوای تەواوكردنی هەموو رێوشوێن و پێویستییە پێوەندیدارەكان، ئەو لێكگەیشتنەش لە چوارچێوەی ستراتیجیەتی بانكی ناوەندی بۆ نوێكردنەوەی كەرتی بانكی و بەهێزكردن و یەكخستنەوەی لەگەڵ سیستمی دارایی دنیا دێت، بەوەش متمانە بە كەرتی بانكی عێراق بەهێز دەبێت و بواری كرانەوەی بە رووی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەكانی بۆ دەرەخسێت.
پارێزگاری بانكی ناوەندی لە بەیاننامەكە دووپاتی كردەوە، ئێستە حەوت بانكی عێراقی ئامادەن بۆ گەڕانەوە و كاركردن لە بواری مامەڵە دراوییە دەرەكییەكان جگە لە دۆلار، بەو پێیەی لە داهاتوو بتوانن مامەڵە بە دۆلاریش بكەن، لە دوای بڕینی قۆناغەكانی داهاتوو لە پابەندی و مەرجەكان.