بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر لەگەڵ ئەوەی دڵنیاییدا كە هیچ كێشەیەك لە دابینكردنی غاز نابێت، دووپات دەكاتەوە كە هەر ئەمڕۆ بڕێكی زۆری غازی شل گەیشتە هەولێر.
سالار محەمەد بەڕێوەبەری پشكنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، بڕێكی زۆر لە غاز گەیشتووەتە و هیچ كێشەیەك لە دابینكردنی غاز روو نادات.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە پێویستە هاووڵاتییان بە ئارامییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن، چونكە بەرپرسیارییەتی نەوت و كانزاكان وەكخۆی جێبەجێ دەكرێت و دڵنیایی دەدەین هەوڵی تەواو هەیە كە هیچ كێشەیەك روو نەدات.
لەلایەكی تریشەوە قایمقامیەتی سلێمانی بڵاوی كردەوە، بۆ ڕێگریكردن لەسەرهەڵدانی تەنگژەی غاز، لەسبەینێوە دابەشكردنی غاز لە سلێمانی دەبێتەوە بە فۆڕمی خۆراك.
لە ماوەی 48 سەعاتی ڕابردوو 290 تۆن غاز هاتووەتە هەولێر، دوێنێ 140 تۆن غاز و ئەمڕۆ 150 تۆن غاز گەیشتووە.
جێی ئاماژەیە كە دوێنی هەینی، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڵاوی كردەوە، بۆ دابینكردنی غازی شل (LPG) و پڕكردنەوەی پێداویستیی ڕۆژانەی ماڵان، وەزیری سامانە سروشتییەكان ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی بەدەستهێناوە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان.