عێراق یەكێك بوو لەو وڵاتانەی بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز لە ماوەی چەند مانگی رابردوو زیانی گەورەی كرد، چونكە زۆرینەی نەوتەكەی بە گەرووەكە هەناردە دەكرا، بۆیە وەستانی هاتوچۆی دەریایی لەو گەرووە واتە وەستانی هەناردنی نەوتی عێراق، ئێستە پلانێك هەیە بۆ راكێشانی بۆری نەوتی بۆ هەردوو بەندەری جەیهانی توركیا و بانیاسی سووریا بۆ دووركەوتنەوە لە پشتبەستن بە گەرووی هورمز.
باسم محەمەد خزەیر وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند كە تا ساڵی 2028، عێراق دۆسیەی بەفیڕۆدانی غازی هاوەڵی بەرهەمهێنانی نەوت بە یەكجاری دادەخات، بەهۆی پڕۆژەكانی لە بواری غاز جێبەجێ دەكرێت عێراق پێویستیی ناوخۆیی پڕ دەكاتەوە و چیتر غاز هاوردە ناكات، هاوكات پلانێكی ستراتیجی بە دەست بۆ راكێشانی تۆڕێك بۆری نوێی نەوت بۆ كردنەوەی دەروازەی زیاتری هەناردن دوور لە پشتبەستن بە گەرووی هورمز.
وەزیری نەوتی عێراق كە ئێستە هاوەڵی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە سەردانەكەی بۆ واشنتن دەكات، زیاتر گوتی، وەزارەتی نەوت سەرقاڵی جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەكە لە كێڵگە سەرەكییەكانی غاز، لەوانە عەكاز و مەنسووریە و هیتریش، بە مەبەستی دابینكردنی پێویستییەكانی عێراق لە غاز و نەهێشتنی پێویستی بە هاوردەكردنی و گەیشتن بە پڕكردنەوەی پێویستیی ناوخۆیی.
سەبارەت بە نەوت گوتی، وەزارەتەكە پلانی هەیە بۆ فرەوانكردنی هەناردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركی، لەگەڵ كۆمپانیاكانی شیڤرۆن و تی ئای كاپیتاڵی ئەمەریكی و كۆمپانیای یو سیی قەتەری یاداشتی لێكگەیشتنی واژوو كردووە بۆ تاوتوێكردنی راكێشانی بۆرییەكی ستراتیجی لە بەسرەوە بەرەو كەركووك و بەندەری جەیهان، لەگەڵ راكێشانی لقێكی تری بەرەو بەندەری بانیاس لە سووریا، قۆناغی دووەمی پڕۆژەكەش راكێشانی بۆرییە بەرەو بەندەری عەقەبە لە ئوردن.