هەوڵ دەدرێت پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچەی فەرمانبەران لە یاسای بودجە جیا بكرێتەوە

:: PM:04:51:19/07/2026 ‌

یەكێك لە هۆكارەكانی دەست پێنەكردنەوەی بەستنی پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچەی ساڵانەی فەرمانبەران نەبوونی یاسای بودجە و پەسندنەكردنیەتی لە پەرلەمان، كە ساڵی رابردوو و ئەمساڵیش تا ئێستە یاسای بودجە نییە، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە بە نیازن بابەتی جیاكردنەوەی بەستنی پلەبەرزكردنەوە و سەرموومە بۆ فەرمانبەران لە بودجە باس بكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم عودەی عەواد سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی كرد، سێشەمی داهاتوو لیژنەكەیان مێوانداریی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی موازەنە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەكات بۆ تاوتوێكردنی ژمارەیەك دۆسیەی دارایی، لەوانە ئەگەری جیاكردنەوەی بەستنی پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچەی ساڵانەی فەرمانبەران لە یاسای بودجە بەو شێوەی خزمەت بەوان بگەیەنێت.

پێشتر حوسێن دەراجی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە پەرلەمان و حكوومەتی عێراق بە نیازن لە ساڵی داهاتووەوە بە هەنگاو یاسای بودجە بەرەو جێبەجێكردنی بودجەیەكی تایبەت بە جێبەجێكردنی بەرنامە و كارەكان بگۆڕن، ئەوە لەوكاتەی لە 7ی ئەم مانگە لیژنەی دارایی مێوانداریی فالح ساری وەزیری دارایی لەبارەی ئامادەسازییەكان بۆ بودجەی 2027 كرد، لە 9ی حوزەیرانی رابردووش وەزارەتی دارایی رێنوێنی بە دامەزراوەكانی دەوڵەت دا بۆ دەست پێكردنەوەی سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە بۆ فەرمانبەرانی شایستە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل