لە سایەی تەنگژە ئابووری و داراییەكانی لە عێراق هەیە بەهۆی تەنیا پشتبەستن بە داهاتی نەوت و دروستبوونی كێشە بۆ هەناردنی و ئەو هەڵكشان و داكشانەی لە نرخی نەوت هەیە، جیا لە گەندەڵی و كورتهێنان و قەرزە زۆرەكان، مووچە لە عێراق بە بەردەوام مەترسی لەسەر بووە، بەتایبەتی بابەتی نەبوونی سیولە، وەزیری دارایی عێراق دووپاتی كردەوە كە لە ئامادەكردنی بودجەی 2027 مووچە گرنگی لەپێشینەی هەیە.
ئەمڕۆ
فالح ساری وەزیری دارایی عێراق لە كاتی مێوانداریكردنی لە لایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، لە كاتی دواكەوتنی یاسای بودجە، هەندێك لە بڕگە كاریگەرەكانی، لەوانە پێوەندیدار بە قەرزكردن و هیتریش، دەوەستن، ئەوەش كار لە ئەركی دامەزراوەكانی دەوڵەت دەكات، بۆیە رێكخستنی ئەو بڕگانە بە یاسایەكی سەربەخۆ، بەردەوامبوونیان بێ كێشە مسۆگەر دەكات، هەروەها كاریگەریی دواكەوتنی پەسندكردنی یاسای بودجەش كەم دەكاتەوە.
ئاماژەی كرد، وەزارەتی دارایی لە ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی داهاتوو وەك پابەندی بە ئەركە سەرەكییەكانی دەوڵەت بەردەوامە، لەپێشەوەیان دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و رەچاوكردنی پێویستییەكانی كۆمەڵگە بەپێی توانا داراییە بەردەستەكان، یاسای بودجە بەپێی دوو بنەما ئامادە دەكرێت، بودجەی پرۆگرامەكان و بڕگەكان.