هەفتەیەكە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دابەش كراوە و هێشتا مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست، مووچەی مانگی شەشیان وەرنەگرتووە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەریبگرن.
دوو مانگە بەشێك لە فەرمانبەرانی كوردستان و مامۆستایانی گرێبەست بەهۆی لێبڕین لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە، مووچەكانیان دوا دەكەوێت و حكوومەتی هەرێم لەسەر داهاتی ناوخۆ كە ئەویش بەهۆی كێشەكانی ناوچەكەوە بەتەواوی كەمی كردووە، پێیان دەدات.
مانگی پێشوو دارایی عێراق 70 ملیار دیناری لە مووچە وەك داهاتی ناوخۆ گێڕایەوە و ئەم مانگەش 120 ملیار، ئەمە بارگرانییەكی زۆری بۆ هەرێم دروست كردووە و بەشێك لەو مووچەخۆرانی كە پێویستە لەسەر داهاتی ناوخۆ مانگانە لە كاتی دابەشكردنی مووچە وەریبگرن، دوا دەكەوێت.
لەبارەی دواكەوتنی مووچەكانی ئەو فەرمانبەرانە د. ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاندووە، لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەكرێت.
ژمارەی ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی كە لەسەر داهاتی ناوخۆ مانگانە مووچە وەردەگرن، بریتییە لە 42 هەزار مامۆستای گرێبەستی وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا كە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان مووچە وەردەگرن و مانگانە پێویستیان بە نزیكەی 25 ملیار دینار هەیە، هاوكات سەرجەم ئەو فەرمانبەرە گرێبەست و هەمیشەییانەش مووچە وەردەگرن كە دوای یەكی تەمووزی 2024 دامەزراون.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" وەزارەتی دارایی هەرێم، هەموو هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە تا هەفتەی داهاتوو مووچەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە بدات كە دواكەوتوون.