دادگای لێكۆڵینەوەی تاوانەكان پێوەست بە گەندەڵی، ئەمڕۆ یەكشەم دەستگرتنی بەسەر 27 ملیار دیناری تری دۆسیەی بریكاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری پاڵاوتن عەدنان جومەیلی و تێوەگلاوانی ئەو دۆسیەیە ڕاگەیاند.
دادوەری تایبەت بە دۆسیەكە لە
ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی دا، لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو پارەیە بە هەدەر دراوە، لەو پڕۆژانەی كە لەلایەن تۆمەتبارەوە جێبەجێ كراون و دەستگەیشتن بە ڕەهەندەكانی تری ئەو دۆسیەیە، توانرا دەست بەسەر 27 ملیار دیناری تر بگیرێت كە لەلایەن چەند كەسێكەوە حەشار درابوو.
دووپاتی لەوەیش كردووەتەوە، لێكۆڵینەوەكان لەو دۆسیەیە بەردەوامن تا گەیشتن بە سەرجەم تۆمەتباران.
دۆسیەی عەدنان جومەیلی بریكاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری پاڵاوتن و پاڵاوگەكان، چەند مانگێكە بەردەوامی هەیە و چەندان پەرلەمانتار و بەرپرسی حكوومەت لەو دۆسیەیە تێوەگلاون و لەلایەن هێزەكانەوە بە فەرمانی دادوەر گیران.
تا ئێستە بە ملیۆنان دۆلار و سەتان ملیار دینار و سەتان كیلۆ زێڕ دەستیان بەسەردا گیراوە، پرۆسەكەیش بەردەوامی هەیە و لێكۆڵینەوەكان لەو دۆسیەیە تا ئێستە كۆتاییان نەهاتووە.