لە هەولێر دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بە کارتی ئەلیکترۆنی دەست پێ دەکات

:: PM:10:31:26/07/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 26ی تەمووزی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕای گەیاند، کە لە سبەی دووشەمەوە وەک قۆناغی تاقیکاری، دەست بە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە دەکەن و بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بڕی 40 لیتر دابین دەکرێت.

لە ڕاگەیەنراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای کردووە کە لە بەیانیی سبەی دووشەم، 27ی تەمووزی 2026، پرۆسەکە بە شێوەی تاقیکردنەوە (تێست) لە بەنزینخانەی "شهم" لە هەولێر دەست پێ دەکات.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، نرخی یەک لیتر بەنزین 750 دینار دەبێت و دابەشکردنەکە تەنیا لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە دەبێت. هەروەها بڕی دیاریکراو بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک 40 لیتر دەبێت.

بۆ ئەم مەبەستە، بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە لە کاتی سەردانکردنیان بۆ بەنزینخانەکان، کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنییان لەگەڵ خۆیاندا بهێنن.

لە کۆتاییدا دووپات کراوەتەوە کە ئەم قۆناغە وەک تاقیکردنەوەیەکە و بەشداریکردنی هاووڵاتییان یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکە لە داهاتوودا.


وشە - پۆڵا مەحموود