فراكسیۆنی پارتی لە بەغدا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق كۆبوونەوە، بەڵێن دراوە بەمزووانە نەوتی زیاتر بۆ كوردستان بنێردرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی قەیرانی بەنزین.
دانەر عەبدولغەفار گوتەبێژی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، داوای زیادكردنی بڕی نەوتی خاومان بۆ كوردستان كرد، وەزیری نەوت ڕەزامەندیی دا لەسەر زیادكردنی بڕەكە.
ئەوەشی گوت، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، باسیان لە قەیرانی بەنزین لە كوردستان كردووە و بۆیان روون كردووەتەوە، ئەو بڕە نەوتە كە رێژەكەی 50 هەزار بەرمیلە، كەمە و ئەوەش هۆكاری قەیرانەكەیە.
هاوكات سیپان شێروانی ئەندام لە فراكسیۆنی پارتی، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا تیشكی خستە سەر ئەوەی كە وەزیری نەوت داوای كردووە رەزامەندیی سەرۆكی حكوومەتی عێراقی بۆ وەربگرن، ئەوانیش هەر ئەمڕۆ لە رێگەی فەرهاد دۆڵەمەرییەوە نووسراوێكیان ئاراستەی عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ كردووە و چاوەڕێی رەزامەندین.
بەگوتەی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی، لەگەڵ زیادكردنی بەشە نەوتی هەرێمی كوردستان، كێشەی بەنزین بەتەواوی چارەسەر دەكرێت.