میدیای عێراقی ئاشكرای دەكات، تەنگژەی كەمیی گازوایل لە بەغدا بڵاو بووەتەوە و هۆكارەكەیش كەمیی بەرهەم و زۆربوونی خواستە.
ئەمڕۆ دووشەم 27ی تەمووز، چەندان ماڵپەڕی عێراقی بڵاویان كردووەتەوە، كێشە لە دابینكردنی گازوایل هەیە، ئەوەیش نیگەرانیی بۆ دانیشتووانی شارەكە دروست كردووە، چونكە جیا لەوەی بۆ ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەكان دابینكردنی گازوایل پێویستە، ئەوا موەلیدەكانیش كێشەیان بۆ دروست دەبێت.
عاسم جیهاد وەك شارەزایەكی كاروباری وزە قسەی بۆ
شەفەق نیوز كردووە، باسی لەوە كردووە كە هۆكارەكە ئەوەیە خواستێكی زۆر لەسەر گازوایل هەیە و كەمیش بەرهەم دێت، بۆیە بیر لەوە كراوەتەوە تا تەنگژەكە تێدەپەڕێت، گازوایل هاوردە بكرێت.
لەبارەی كێشەی موەلیدەكانیش باس لەوە كراوە، حكوومەت لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بڕیاری داوە بە خۆڕایی گازوایل بە موەلیدەكان بدات، بۆ هەر كەی ڤییەك 46 لیتر بدات.
مەترسیی گەورە لە پەككەوتنی موەلیدەكانە كە لەم گەرمای هاوینە، نزیكەی 20 سەعات كارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین دەكەن.