دی ئێن ئۆ: ڕۆژانە تەنیا 273 بەرمیل نەوت لە كوردستان بەرهەم دەهێنین

:: AM:09:52:28/07/2026 ‌
كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی لە ڕاگەیەنراوێكدا وردەكاریی كارەكانی لە چارەكی دووەمی ساڵی 2026 بڵاو كردەوە و ئاماژەی داوە، ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی كوردستان بە تەواوی كەم كردووەتەوە، لە بەرانبەردا لە دەریای باكور ڕۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.

لە ڕاگەیەنراوێكی كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجیدا هاتووە، ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەو كێڵگانەی كە ئەو كۆمپانیا كاری تێدا دەكات، ئێستە ڕۆژانە تەنیا 273 بەرمیل نەوتە، هۆكاری ئەمەیش بۆ وەستانی ماوەیەكی زۆری كارەكانی كۆمپانیاكە دەگەڕێتەوە، لە ئەنجامی پێكدادان و گرژییەكانی ناوچەكە.

هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، كارەكانی كۆمپانیاكە لە هەردوو كێڵگەی تاوكێ و فیشخاپوور بە وریایی زۆرەوە ئەنجام دەدرێت، بەهۆی دۆخی تەناهی ناوچەكە، هەرچەندە ئەگەری زیادكردنی بڕی بەرهەم نەوت لە داهاتوو لەو ناوچەیە بوونی هەیە.

كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی لە نۆی نیسان/ئەپریلی ڕابردوو، كارەكانی لە كێڵگەی نەوتی تاوكێ بە تەواوی سنووردار كردووە و خەریكی دەردانەوەی بیرەكانی نەوت و هەڵكەندنی هەشتەم بیرە لە ناوچەكە. لە 28ی حوزەیران/یۆنیۆ دی ئێن ئۆ لە كێڵگەی تاوكێ دەستی بەكار كردەوە و لە 11ی تەمووز/یۆلیۆیش لە كێڵگەی فیشخاپوور، خێرایی كاركردن و زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئەو كۆمپانیایەوە، پێوەستە بە چاككردنەوەی بیرە نەوتەكان كە بۆ ماوەیەكی زۆر داخرابوون، لەگەڵ دۆخی تەناهی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستراوەتەوە.

دی ئێن ئۆ كۆمپانیایەكی نەرویجییە و لە بواری نەوت و غاز كار دەكات، لە دەریای باكور و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا بوونی هەیە و خەریكی وەبەرهێنانە لە كێڵگەی نەوت و غاز لەو ناوچانەدا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د