به‌رپرسی عه‌لوه‌ی سلێمانی رای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی بایكۆت كردنی به‌رهه‌م و خۆراكی توركی هاورده‌ی سه‌وزه و میوه و خۆراكه‌كان له ئێرانه‌وه بۆ سلێمانی زیادی كردووه و كشتوكاڵی سلێمانیش ده‌ڵێت، هه‌ندێك به‌رهه‌م هه‌یه كه له ناوخۆ كه‌من و پێویستمان به‌وه هه‌یه له ئێرانه‌وه هاورده‌یان بکەین.
بۆ هه‌ر خۆراكێك ئاستی هاوردەی ئێرانی 50 ته‌ن زیادی كردووه
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 28ی تشرینی یه‌كه‌م، سه‌روه‌ر عه‌لی به‌رپرسی سه‌ندیكای پیشه‌وه‌رانی عه‌لوه‌ی سلێمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، له به‌رامبه‌ر بایكۆتكردنی شتومه‌ك و میوه و سه‌وزه‌ی توركی كه هاووڵاتییان بایكۆتیان كردووه، هاورده‌كردنی میوه و سه‌وزه و چه‌ند خۆراكێك له ئێرانه‌وه زیادی كردووه و به‌راورد به دوو هه‌فته سه‌دان ته‌ن زیاتر لە جاران میوە و سەوزەی ئێران هاتووەتە عەلوەی سلێمانی.
زیاتر روونی دەکاتەوە، هه‌ر یه‌كه له ته‌ماته و په‌تاته و پیاز و میوه‌كان دوو هه‌فته پێش ئێستا رۆژانه كه‌متر له هه‌زار ته‌ن ده‌هاته ناو عه‌لوه‌ی سلێمانی، به‌ڵام دوو هه‌فته ده‌بێت هه‌ر یه‌ك له‌و میوه و سه‌وزانه رۆژانه سه‌روو هه‌زار و 200 ته‌ن دێنه ناو عه‌لوه‌ی سلێمانی، واته به تێكڕا بۆ هه‌ر خۆراكێك 50 ته‌ن زیادی كردووه و ئه‌و زیادبوونه‌ش به‌رده‌وام له هەڵکشانە.
رزگار خدر، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی بۆ "وشه" ئاشکرای دەکات، به‌هۆی هاتنی وه‌رزی پایز و سه‌رما، به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كانی سه‌وزه و میوه كه له بنه‌ڕه‌تدا و له كاتی كه‌مبوونه‌وه و هه‌ڵگرتنی باج، له ئێرانه‌وه بۆمان هاورده ده‌كرێت، تا ئێستا به‌رهه‌مه‌كانی ناوخۆ پێویستی ناوخۆ پڕ ناكه‌نه‌وه، بۆیه له ئێرانه‌وه هاورده ده‌كرێن.
دووپاتی دەکاتەوە، پێویستە هاووڵاتییان گرنگی به به‌رهه‌می ناوخۆ بده‌ن و كار بۆ ئه‌وه بكه‌ن خۆیان ئاشنا بكه‌ن به به‌رهه‌مه‌كانی خۆمان و بۆ به‌رهه‌مه‌كانی تر كه پێویستی پڕ ناكه‌نه‌وه له ئێران هاورده ده‌كرێن.
لەدوای هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و کوشتنی سەتان هاووڵاتی مەدەنی و ئاوەرەبوونی زیاد لە 300 هەزار کوردی رۆژئاوا، لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتێک بۆ بایکۆتی کاڵا و خۆراکی تورکی راگەیەندرا، بەڵام ئەو بایکۆتە بەهۆی کەمی بەرهەمی خۆماڵی بە قازانجی ئێران شکاوەتەوە.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی