"بەشداریكردن لە گۆڕینی بڕگەكانی بودجە هیچی كەمتر نییە لە خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر"

:: PM:11:38:28/05/2023 ‌

تا دێت كاردانەوەكان دژ بەو گۆڕانكارییانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بڕگەكانی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستانی لە بودجەی عێراق بە هاوكاری دەستی ناپاكی ناوخۆیی بۆ لاوازكردنی هەرێم كردی توندتر و رژدتر دەبن.

پێشتر جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاندبوو كە ئەوەی لەناو لیژنەكە رووی داوە، پیلانێكی داڕێژراو بووە دژی كورد، داوای لە سەركردایەتیی سیاسیی كورد كرد كە بە یەكگرتوویی هەڵوێست بنوێنن.

هاوكات چاودێرانی سیاسی و پسپۆڕان رای دەگەیەنن كە ئەوەی جێگەی تێڕامانە، ئەوەیە پەرلەمانتارانی یەكێتی بە دەنگی خەڵك و لەسەر حیسابی خوێنی شەهیدانی هەرێمی كوردستان و ئارەقە و ماندووبونی هەزاران كادری حیزبەكەیان دەچن كار بۆ بێ دەستەڵاتكردن و لاوازیی ئەو قەوارەیە دەكەن، بەداخەوە ئەمەی روو دەدات رەگی هەیە لە مێژوودا و بەردەوام ناحەزانی كورد و كوردستان ئەمە كاریان بووە بۆ تێكدانی دۆخی كورد و لاوازكردنی قەوارەی كوردستان.

جەنگیس ئاوەكەڵەیی، پسپۆڕی پیوەندییە نێودەوڵەتەییەكان و چاودێری سیاسی لەمبارەوە بە "وشە"ی گوت، هەڵوێستی پەرلەمانتارانی بەشێك لە شیعە و یەكێتی دەرخەری ئەو راستیەیە كە نایانەوێ عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت و ببێتە مایەی بەدەستهێنانی ئارامی و برەودان بە وڵات، بەجۆرێك كە گەلانی عێراق كەمێك بحەسێتەوە و چاو لە داهاتوویەكی باشتر و گەشاوەتربن.

زیاتر گوتی، ئەگەر بە چاوێكی نیشتمانیانە یان كەسێك كە پەرۆشی سەقامگیری بێت لە عێراق لەم هەڵوێستە بڕوانین، بۆمان روون دەبێتەوە كە هەندێك لە لایەنە بەناو سیاسییەكانی عێراق چەندە لاواز و نەزانن، كە بەرژەوەندی گەلانی عێراقیان كردووەتە قوربانی سیاسەتی دەرەكی و  سەلماندنی ئەوی كە ئەوان هەمیشە لەسەر حیسابی خەڵكی ستەمدیدەی كوردستان و عێراق لە خزمەت باڵادەستیی بیانیدان.

"پەرلەمانتار داڕێژەری یاسا و چاودێرییە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسڕمانە ئەم بەناو یاساداڕێژەرانە پێشێلی دەستوور دەكەن و هیچ تێگەیشتنیان بۆ  رێككەوتنی سیاسی و دۆخی وڵات نییە، حكوومەتی ئێستەی عێراق لەسەر بنەمای تێگەیشتنی دەستووری و رێككەوتنی لایەنە سیاسی و پێكهاتەكانی عێراق پێكهێنراوە، ئەم ناتێگەیشتن و كاركردنە بۆ لاوزیی قەوارەی هەرێمی كوردستان و عێراق كۆمەڵێك گرفتی تر بەدوای خۆیدا دێنێت، كە دەبێتە مایەی ناسەقامگیری زیاتر و كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەركی حكوومەتی ئێستەی بەغدا"، جەنگیس ئاوەكەڵەیی وای گوت.

ئەو چاودێرە سیاسییە روونی كردەوە، مانەوەی ئەو حكوومەتە پێوەستە بە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی كراوە بۆ پێكهێنانی بە تەواوی بڕگەكانییەوە، بۆیە ئومێد هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا پێداچوونەوە بەو بڕگانە بكرێت كە دەستكاری كراون و بگەڕێنەوە سەر ئەو دەقەی رێككەوتنی لەسەر كراوە، بۆیە ئێستە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەبەردەم دوو بژارەی بەردەوامیی سەقامگیری و پێشكەوتن و خزمەتی گەلانی عێراق و رووبەڕووبونەوەی گرفتی زیاترە، بۆیە دەبێت هەڵوێستی نیشتمانی خۆیان و پابەندبوونیان بە رێككەوتن بخەنەڕوو.

ئاماژەی بەوەش دا، شتێكی تر جێگەی تێڕامانە ئەوەیە، پەرلەمانتارانی یەكێتی بە دەنگی خەڵك و لەسەر حیسابی خوێنی شەهیدانی هەرێمی كوردستان و ئارەقە و ماندووبونی هەزاران كادری حیزبەكەیان دەچن كار بۆ بێ دەسەڵاتكردن و لاوازیی ئەو قەوارەیە دەكەن، كە پێویستە خۆیانی بۆ بكەن بە قوربانی، ئەمەش لەپێناو رووئیای كورت بینی و بەرژەوەندی تەسكی كەسی و حزبی، بۆیە وەك چۆن لە ساڵی 2017 بەهۆی رێككەوتنی 16ی ئۆكتۆبەر نیوەی خاكی كوردستانیان بەدەستەوە دا، ئێستە هەمان هەڵە دووبارە دەكەنەوە.

"بۆیە ئەم هەڵەیەی پەرلەمانتارانی یەكێتی هیچی كەمتر نییە لە خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر، ئێستە دەیانەوێ وا لە خەڵك بگەیەنن كە موچەی پاشەكەوتكراو دێتەوە، كە لە ئەنجامی راوێژی ئەوان حكوومەتی فیدراڵی عێراق بوجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، ئەو دۆخە هاتووەتە كایەوە، باشە ئەگەر بودجە نەیەت و هەرێم لەژێر رەحمی دژە كوردستاندا بێت، چۆن دەتوانین پارێزگاری لە ئارامی و سەقامگیری بكەین و لە گەشەسەندن بەردەوام بین، ئەگەر بودجە نەهات وەك چۆن دوای 16ی ئۆكتۆبەر ئەوان هیچیان پێ نەكرا ئەوكات چی دەكەن؟، دڵنیام گۆڕانكاری لە بڕگەكاندا دەكرێت و هەرێمی كوردستان و گەلە سەربەرزەكەی بە سەركەوتووی لێی دەردەچن، ئەی ئەوكات خیانەتكار  و خۆ بەكەم زانان چی دەڵێن؟"، ئاوەكەڵەیی وای گوت. 
لای خۆیەوە كاوە حاجی رەسووڵ، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، بەداخەوە ئەمەی روودەدات رەگی هەیە لە مێژوودا و بەردەوام ناحەزانی كورد و  كوردستان ئەمە كاریان بووە، بۆ تێكدانی دۆخی كورد و لاوازكردنی قەوارەی كوردستان بە هاوكاری دەستی ناپاكی ناوخۆیی و هەردەم هەوڵی تێكدانی دۆخی كوردستانیان داوە و ویستوویانە كورد لەناو ببەن.

زیاتر گوتی، ئەمەی كە روودەدات بەرهەمی ناتەبایی  و ناكۆكییە لە نیوان لایەنەكان، ئەو لایەنەی كە نایەوێت هەرگیز كۆدەنگی و یەكڕیزی دروست ببێت و بەهێز و شكۆوە كورد بجێتە بەغدا و بەردەوام كاری بۆ لاوازكردن و نەمانی پێگەی هەرێم كردووە لە بەغدا، بۆیە هەر ئەم كارانەیان لێ دەوەشێتەوە.

ئەو چاودێرە سیاسییە دووپاتی كردەوە، ئەوەی رووی دا تەواو بڕیار و كودەتایەكی سیاسی و دوژمنكارانەیە، چونكە بەپێی دەستوور و یاسا نابێت دەستكاری ئەو برگانە بكرێت كە لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا هاتووە، كەچی بەبێ شەرمانە و بێباكانە و بە هاوكاری دەستی ناوخۆیی، شۆڤینییەكان دەستكاریی دەكەن و هەوڵی لاوازكردنمان دەدەن.

"بەداخەوە ئەو لایەنە كوردییە كە یەكێتییە، بەردەوام باس لە كوردایەتی و پاراستنی كوردستان و بەرپاكردنی یەكڕیزیی دەكات، كەچی دەستی خستووەتەوە ناو دەستی نەیارانی كورد و هەوڵی لەتكردن و پەرتەوازەكردن و نەهێشتنی كوردستان دەدات، ئەمە واتایەكی ئێجگار نەشیاو و قێزەونی هەیە، كە حزبێك خۆی بە نیشتمانی بزانێت و  لە لایەكی تریشەوە دژی نیشتمانەكەی بڕیار دەربكات و هەراجی بكات، ئەمە ئەوپەڕی بێ مۆراڵی سیاسییە و دەبێت هەرچی زووە بگەڕێنەوە بەرەی گەل و نیشتمان و هەوڵی تەبایی و یەكڕیزیی بدەن، بۆ ئەوەی كورد بە شكۆ و هێزەوە بگەرێتەوە بەغدا"، كاوە حاجی رەسووڵ، چاودێری سیاسی وای گوت.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل