خەزعەلی و هاوبیرانی بۆچی سەركۆنەی تەقینەوەكەی عەربەت دەكەن؟‎

:: PM:10:48:19/09/2023 ‌


چەند لایەنێكی عێراقی، لەوانە قەیس خەزعەلی، سەركردەی گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق ئاماژە دەكەن كە هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی عەربەت، هێرشە بۆ سەر سەروەریی عێراق، لەوكاتەی هەر ئەوان بوون هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریان بە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق دانەدەنا و دەستخۆشییان لە ئەنجامدەرانی دەكرد.

شارەزایانی تەناهی و نووسەر و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە كە خەزعەلی و هاوبیرانی، چاویان بە پێشكەوتن و گەشەسەندنەی كوردستان و هەولێر هەڵنایەت، لە بۆردمانی فڕۆكەخانەی عەربەتیش دیارە ئازاری پێ گەیشتووە و لە بەرژەوەندییەكانی دراوە، بۆیە ئەوەندە نیگەرانە.

لەمبارەیەوە نیازی حەمەعەزیز، نووسەر و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمەی روودەدات بابەتێكی زۆر ئاڵۆز و ناڕوونە، فڕۆكەخانەی عەربەت بۆ خزمەتگوزاریی كشتوكاڵی و خزمەتی جووتیاران و دابینكردنی پێداویستییەكانی جووتیارانی دەشتی شارەزوور و ناوچەكە و جێگەیەكی مەدەنییە، بەڵام بۆ دەكرێتە سەربازگە و جێی مەشقی هێزە جۆراوجۆرەكان، چۆن ئاشكرا بوو كە ئەو هێزە لەوێن و كێیە كە ئەو هێرشەی كردووە؟، بۆ ناوی لایەن و كەسەكانی تر ئاشكرا ناكرێن؟

زیاتر گوتی، خەزعەلی و هاوبیرانی هەموو كات شۆڤینییانە و زۆر بەتوندی دژی قەوارەی هەرێم، بەتایبەتی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بوون، چونكە پێشكەوتن و جوانی هەولێر هەموویانی سەرسام كردووە، ئەوان لە ئیرەییدا نازانن چۆن تۆڵە بكەنەوە، بۆیە لە ماوەی رابردوودا چەندان جار بە مووشەك و درۆن هێرش كراوەتە سەر هەولێر و دەوروبەری، بەڵام نەك سەركۆنە، بگرە خەزعەلی و هاوبیرانی پێیان خۆش بووە و بەشداریش بوون لە هێرشەكاندا، پێیان وا بووە دەبێت بەرانبەر هەولێر و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە سەنگەردا بن. 

"هاتنەدەنگی خەزعەلی و ئەو لایەنە عێراقییانەی كە دژی هەرێمن بۆ رووداوەكەی فڕۆكەخانەی عەربەت سەیر نییە، چونكە دەیانەوێ بڵێن كە هەرێم دوو زۆنە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لاوازە و ئێمە پشتگیری ناكەین، نامانەوێ قەوارەیەكی سەربەخۆ و ئازاد بۆ كورد هەبێت و هەولێر بە دووژمن و زۆنی سلێمانی بە دۆستی خۆیان دەزانن، ئەوان دووئیدارەیی تۆخ دەكەنەوە و پەرەی پێ دەدەن، بەمانایەكی تر بەیاننامەكەیان دەرخەری ئەوەیە كە دیارە لەو هێرشەدا ئازاریان پێ گەیشتووە و دراوە لە مەبەست و بەرژەوەندییەكانیان، بۆیە هێندە بە پەرۆش و ناڕەحەتن"، نیازی حەمەعەزیز وای گوت.

لای خۆیەوە زیرەك سابیر، شارەزای بواری تەناهی و سەربازی بە "وشە"ی گوت، دیارە لە بۆردمانەكەی فڕۆكەخانەی عەربەت خەزعەلی ئازاری زۆری پێ گەیشتووە، بۆیە خێرا هاتە دەنگ و ناڕەزایەتی دەربڕی، بەوەی سەروەریی خاكی عێراق پێشێل كراوە، بەڵام تەنیا یەك دوو سعات پێش بۆردمانی عەربەت، چەتەكانی سەر بە خەزعەلی بە كاتیۆشا بۆردمانی قوتابخانەی گوندی "سوفییە"ی كاكییەكانیان لە شارۆكەی خەبات كرد، كە كاتیۆشاكە بەر قوتابخانەكە نەكەوت و نەتەقییەوە، ئەگەرنا دەیان قوتابی دەبوونە قوربانی، ئەمەش عەقلیەت و دنیابینیی خەزعەلی و هاوبیرانیەتی، بۆیە ئەگەر خەزعەلی باسی سەروەریی عێراق دەكات، بۆ لەخۆتان ناپرسن ئەو گوندە لە كوێیە و خەڵكەكەی چین؟، ئەمە پاراستنی سەروەریی عێراقە كە پەلاماری قوتابخانە بدەیت؟

روونی كردەوە، هەر پەلامار و هێرشێك بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان لە لایەن هەر لایەن و وڵاتێكەوە ریسوا دەكەم، بەڵام بەداخەوە كاتێك لایەنێك خۆی هۆكار بێت بۆ ئەوەی هێرشی لەو جۆرە ئەنجام بدرێت، ئەویش دیسان كارەساتە، چونكە یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی لە لایەك ژمارەی قوربانییەكان دەشارنەوە، لە لایەكی تر ناوێرن بە یەك وشەش ناوی هیچ لایەنێك بێنن لە بەیاننامەكانیان، تەنیا ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی نابەجێ دەكەن، گوایە سیخوڕی كراوە، جارێ دەبێت بزانین قوربانییەكان كێن و چەندن؟، بۆچی یەكێتی تەنیا ئاماژە بە سێ كوژراو و سێ بریندار دەكات، ئایا ئەوانی تر چەكداری پەكەكەن یان حەشدی عەسائیبی خەزعەلین، یان سەر بە هەواڵگری وڵاتێكی دراوسێن.

"خەزعەلی و هاوبیرانی پێیان خۆشە كە هەرێمی كوردستان بوونی نەمێنێت، بەردەوام كار لەسەر ئەوە دەكەن كە بە هەموو شێوەیەك كوردستان و خەڵكەكەی سزا بدەن و فەرمانبەران و هاووڵاتییانی بچەوسێننەوە، هەرگیز چاویان بە پێشكەوتن و گەشەكردنی كوردستان هەڵنایەت و پێیان وایە كە ئەو نان و ئاوەی كە دەیخۆین هی عێراقە و دەبێ هەموو شتێكمان رادەستی ئەوان بكەین، بۆیە لە بەیاننامەكانیان كە سەركۆنەی هێرشەكە دەكەن، لە دلسۆزی و خەمخۆری بۆ كوردستان نییە، بەڵكو مەبەستی تریان هەیە و نابێت هیچ كەس و لایەنێك دڵ بەو قسانەیان خۆش بكات، چونكە ئەوان دژی كوردستان و هەولێرن، ئەی خێرە لەكاتی بۆردمانی هەولێر دەستخۆشی لە بكەرانی دەكا و بۆ عەربەتیش سەركۆنەی دەكات، ئایا هەر دوو شوێن هەر كوردستان نییە، ئیتر دڵی چی بە بەیاننامەكانیان خۆش بكەین"، زیرەك سابیر وای گوت.

جێی باسە دوێنی تەقینەوەیەكی گەورە پێگەیەكی لەناو فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت رووی دا و لەئاكامدا دەیان كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە، شارۆكەی عەربەت دەكەوێتە دووری 20 كیلۆمەتر بە ئاراستەی رۆژهەڵاتی پارێزگەی سلێمانی، ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی 40 هەزار كەسە و فڕۆكەخانەی عەربەتیش چەند كیلۆمەترێك لە شارۆكەكەوە دوورە.

وشە/ تایبەت 

 



وشە - تایبه‌ت