چاودێرێكی سیاسی: نزیكبوونەوە لە پەكەكە تەنیا زیان و كارەساتی بەدواوەیە

:: PM:09:24:20/09/2023 ‌

پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، پێوەندی و هاوئاهەنگیان لەگەڵ پەكەكە كۆتایی پێ بێنن،  لەبەر پەكەكە خەڵك نەكەن بە قوربانی و دواجار كوردستان و هاووڵاتییان باجەكەی بدەن، وەك هێرشەكانی رابردوو و فڕۆكەخانەی عەربەت لە پارێزگەی سلێمانی.

نووسەر و چاودێرانی سیاسی ئاماژە دەكەن كە پەكەكە هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە مایەی زیان و كارەسات بووە بۆ هەرێمی كوردستان، بۆیە نابێت هیچ لایەنێك بكەوێتە داوی پەكەكەوە و پێوەندی لەگەڵ خۆش بكات، چونكە ئاكامەكەی پەشیمانی و ماڵوێرانییە.

لەمبارەیەوە ئازاد ئەكرەم، سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی میلەت لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، دەبێت تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، هەموو كار و چالاكیی سیاسی و بەرنامە و پێوەندییەكیان بۆ خزمەتی هاووڵاتییان كوردستان و دۆزی رەوای كورد بێت، بۆیە هەركات زانیان و بۆیان دەركەوت كە پێوەندییەك خراپ و ناپەسەندە و زیانی زیاترە لە سوودی، لەگەڵ هەر لایەن و كەسێك بێت پێویستە كۆتایی پێ بێنن.

زیاتر گوتی، كوردستان بە ئارامی و سەقامگیری و تەناهییەوە جوانە و شانازی پێوە دەكەین، بۆیە نابێت ئەم دەسكەوتە بكەینە قوربانی هیچ كەس و لایەنێك، دەبێت هەموو لایەك كار بۆ بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و نەتەوەییمان بكەین و رێگە نەدەین بەهۆی هیچ كەسێكەوە قەوارەی هەرێمی كوردستان بكەوێتە مەترسییەوە، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەكان بەم ستراتیج و ئامانجەوە كار بكەن.

هەر پێوەست بەو بابەتە سامان فارس، نووسەر و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، پێویستە لایەنە كوردستانییەكان بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانی باشووریان لەبەرچاو بێت، ناكرێت دەسكەوت و قوربانیدانی هاووڵاتییانی باشووری كوردستان بكەنە قوربانی بڕیاری هەڵە و هەرزە سیاسییەكانیان، بەتایبەت سەرانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، كە یارییەكی مەترسیدار بە چارەنووسی هاووڵاتییانی كوردستان دەكەن.

روونی كردەوە، هەموومان كوردین و كوردایەتیشمان جێگەی شانازییە، بەڵام ناكرێت لەژێر ناوی درووشم و ئاڵای كوردایەتییەوە بازرگانی بە خوێنی رۆڵەكانمان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی كەسی و حزبی بكەین، بۆیە ئەوەی ئێستە بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتی لە سنووری سلێمانی دەیكات، زەنگێكی مەترسیدارە بۆ تێكچوونی دۆخی ئاسایشی ناوچەكە. 

"تێناگەم خەباتی چەكداری پەكەكە بۆ رزگاركردنی پێنجوێن و ماوەت و كەلار و عەربەتە یان شەمزینان و جولەمێرگ و وان و ئامەد، دەبێت پەكەكە بەروونی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، هەروەها دەبێت یەكێتیش لەوە تێبگات كە یاریكردن بە چارەنووسی نەتەوەیەك بۆ بەرژەوەندیی كەسی ئاسان نییە، بۆیە دەبێت یەكێتی كارێك نەكات كە خەڵكی كوردستان باجی هەڵەكەی ئەوان بدات، چونكە هەموو لایەك بۆی دەركەوتووە كە مامەڵە و پێوەندی لەگەڵ پەكەكە زیانی هەیە و ئیتر بۆ دەبێ یەكێتی واز لەو پێوەندییە نەهێنێت، ئایا ئەمە چ نهێنییەكی تێدایە.

لای خۆیەوە سەرتیپ مەحموود، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، لە ماوەی رابردوودا و هەر لە سەرەتای دروستبوونی پەكەكەوە، ئەو هێزە مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوكێی و ئاژاوە و ئاڵۆزی بووە بۆ هەرێمی كوردستان، هەر لایەنێكیش پێوەندی و هاوئاهەنگیان لەگەڵی هەبووبێت بەدڵنیاییەوە زیانی كردووە.

زیاتر گوتی، دەبێت ئەوەمان بیر نەچێت كە پەكەكە بڕوای بە قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان نییە و پێی وایە باشووری كوردستان دەبێت ئاسەواری نەمێنێت و بچێتە ژێر دەستی ئەوان، ئەگەر نا لەژێر دەستی داگیركەر و دوژمنانی كورددا بێت پێیان باشترە نەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەم دۆخەی ئێستە.

"دواجار دەبێ هەموو لایەنەكان لەوە تێبگەن كە نزیكبوونەوە لە پەكەكە، تەنیا زیان و كارەساتی بەدواوەیە و هیچ سوودێكی لێ نابینین، هەموومان دەزانین كە پەكەكە خۆی داگیركەری هەرێمی كوردستانە و بەهۆیەوە زیاتر لە 600 گوند لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان چۆڵ كراون، وێڕای ئەوەش بەدرێژایی سنوورەكان پەكەكە هێزی چەكداری هەیە و ئەو ناوچانەی داگیر كردووە، هەموو خێر و بێرەكان بۆخۆی دەبات و رێگەش نادات خەڵكی ئەو ناوچانە تیایدا بژین، سەرەڕای ئەوەش رۆژ بە رۆژ زیاتر كار لەسەر ئەوە دەكات كە دەستی وڵاتانی دراوسێ و ناحەزانی گەلەكەمان بگرێت و بۆ ناو خاكی كوردستان پەلكێشیان بكات، هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ لایەنەكانی ناو هەرێمی كوردستانیش، ئەوەتا هەر هاوڵاتییان و خەڵك زیان دەكات و لە هەر هێرشێكدا ئەوان گەنجان و لاوانی كوردستان دەبنە قوربانی، ئەمەش ئاكامی پێوەندییە لەگەڵ پەكەكە"، سەرتیپ مەحموود وای گوت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت