لە سەردەمی ئابووری سەربەخۆدا هەرێمی كوردستان گەشەسەندن و پێشوەچوونی زۆری بەخۆیەوە بینی، هەموو كەرت و سێكتەرەكان بوژانەوە و ئابووری هەرێم پەرەی سەند و تا دەهات ژێرخانی ئابووری زیاتر پێش دەكەوت، هەر ئەوەش وای كرد كە بەغدا بە بەردەوام دژایەتیی هەرێم بكات، لە بۆسەدا بێت بۆ ئەوەی چۆن بتوانێت هەرێم لەو ئابووریە سەربەخۆییە داببڕێ و گرفتی بۆ دروست بكات، تا بەربەست لەبەردەم پێشوەچوونی دروست بكا و ئابوورییەكەی پەك بخات.
ئێستە دوای ئەوەی لایەنێكی كوردستان هەوڵی دا و دەستی لەگەڵ لایەنە شیعەكان دژی حكوومەت و ئابووری سەربەخۆی هەرێم تێكەڵ كرد و هەرێمیان وەستاند و گەڕاندیانەوە بۆ سەر بەغدا، پیلانەكەی بەغدا سەری گرت و دەستی كرد بە سزادانی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی، سەرەتاش لەوەوە دەستی پێ كرد كە چۆن هەرێم لە بەرانبەر مووچەدا بچووك بكاتەوە، هەموو پرسی كورد بخاتە ناو چوارچێوەی مووچە و رێگە لە پێشكەوتن و پێشوەچوونەكانی بگرێت.
لای خۆیەوە نەزیرە جاف، پارێزەری راوێژكار و شارەزای یاسا بە "وشە"ی راگەیاند، هەوڵدان بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێم وەك ئەوەی چەند مانگێكە دروست بووە، كارێكە پێچەوانەی دەستوورە، هەرێمی كوردستان كاتێك بەهێز دەبێت كە خاوەن دەسەڵات بێت، سەربەخۆ كار بكات، كاتێك بەو جۆرە نەیتوانی كەواتە بە بێهێزیی دەردەكەوێت، ئەوەش ئەوەیە كە بەغدا هەردەم بەدوای گەڕاوە و هەوڵی داوە و كاری بۆ كردووە، هەرێمی كوردستان لە سەردەمی ئابووری سەربەخۆ كاری گەورە و گرنگی كرد، كە لای دەسەڵاتدارانی بەغدا جێگەی قبووڵ نەبوو، ئەگینا كێ هەیە ئەوەی پێ خۆش بێت هەرێم خاوەن دەسەڵات نەبێت، داهاتی لەژێر دەستی خۆی نەبێت و ژێردەستە بێت و بڕیاری بەسەردا بسەپێنرێت.
زیاتر گوتی، هەمووان دەبێت پاڵپشتیی هەرێم بكەن، هێزە سیاسییەكان لەسەریانە كار بۆ ئەوە بكەن حكوومەتی هەرێم دەسەڵاتی هەبێت، ئەگەر بە هەمووانەوە پاڵپشتیی ئابووری سەربەخۆیان بكردایە و یەكدەنگ و یەكڕیز بوونایە، بەغدا نەیدەتوانی ئەو دۆخە دروست بكات، چونكە بەغدا خۆی پێشێلكاری یاسا و دەستوورە، كەواتە نابێت چاومان لەوە بێت كە بەغدا لە حكوومەتی خۆمان باشتر بێت.
لای خۆیەوە محەمەد عەلی، شارەزای ئابووری بە "وشە"ی گوت، هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی ئابووری سەربەخۆ توانی كاری گەورە و گرنگ بكات، توانی بە داهاتێكی كەم و دیاریكراو ئابوورییەكی بەهێز بنیات بنێت، كە بەغدا چەندان ساڵە بەو داهات و بودجەیەی خۆی نەیتوانیوە ئەو كارە بكات كە هەرێم كردوویەتی، ئێستەش بەغدا سیاسەتێكی خراپ پێڕەو دەكات، هەمووان پێكەوە لەسەر ئەوە كۆكن كە كورد خاوەن دەسەڵات نەبێت و خاوەن ماف و سەروەری نەبێت و هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر خۆیدا نەبێت.
روونی كردەوە، ئەمە شتێكی روونە كە هەركات بەغدا دەسەڵاتی نەبووبێت، نەرمی بەرانبەر بە كورد نواندووە و داوای هاوكاریی لە كورد كردووە بۆ رزگاربوون لە هەر دۆخێكی خراپ، هەركاتێكیش لە دەسەڵاتی خۆی بووبێت، كاری بۆ لێدان لە كورد و پێگە و بەهێزی كورد كردووە، ویستوویەتی كورد بێ دەسەڵات بكات، بۆیە دەبێت پەند لەوە وەربگرین.
پێوەست بەو بابەتەوە كاوە فەتحوڵا، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، لەكاتێكدا سیاسەتی بەغدا ئەوەیە كورد هەمووی ژێردەستە بێت و هیچ دەسەڵاتێكی نەبێت، ئەوانەی بەغدایان دەوێ كاریان بۆ ئەوە كرد كە سەر بە بەغدا بن، لەوكاتەی بەغدا هیچ كات كوردی ناوێت، بەغدا هێزێكی دەوێ كە لەگەڵ خۆی پیلان دژی حكوومەتی هەرێم دابنێت و كار بۆ لاوازكردنی پێگەی كورد بكات، ئەوە سیاسەتی بەغدا و بیركردنەوەی عێراقە بەرانبەر بە هەرێم و كورد.
"بەغدا و ئەوانەی ئەو عەقڵیەتەیان هەیە، نایانەوێ ئەو پێشكەوتنەی هەرێم بەردەوام بێت، بۆیە هەمیشە دەیانگوت نەوت مەفرۆشن و نەوت رادەست بكەن و رێك بكەوین، ئەوان مەبەستیان رێككەوتن نەبوو، مەبەستیان ئەوە بوو كورد لە گەشەسەندن و بەهێزی رابگرن، ئەگەرنا ئەوە چەند مانگە رێككەوتن كراوە و ئەوان تەنانەت مووچەكەش نانێرێن كە مافی خەڵكی كوردستانە، ئەوان دەیانەوێ كورد ژێردەستەیان بێت و بەویستی خۆیان هەرچییان بوێت پێی بكەن و بیچەوسێننەوە"، كاوە فەتحوڵا، چاودێری سیاسی وا دەڵێت.
وشە/ تایبەت