تا ئێستە لە هەرێمی كوردستان چەندان جۆر بەرهەمی ناوخۆیی ماوە پێ بگات، كە بەهۆیەوە تا سەرەتای مانگی تشرینی دووەم پێویست بە هاوردەكردنی ئەو سەوزە و میوانە ناكات، جووتیارێكی نمونەیی باس لەوە دەكات كە هەرێم لە زۆربەری بەرهەمە كشتوكاڵییەكان گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی، بۆیە پێویستی بە هاوردە نییە و دەتوانێت بەشی عێراق و دەرەوەش رەوانە بكا و هەرێم ببێتە هەناردەكاری بەرهەمە كشتوكاڵییەكان.
ساڵانە جووتیارانی هەرێمی كوردستان چەند جارێك بەرهەمیان هەیە، لەوانە بەرهەمی هاوینە و پایزە، ئێستە بەرهەمی هاوینە بەرەو كۆتایی دەڕوات و بەرهەمی پایزە لە چەند رۆژی داهاتوو پێ دەگات و دەخرێتە بازاڕەوە، لە ماوەی مانگی ئایاری هەموو ساڵێك بەرهەمی سەوزی ناوخۆی جووتیاران پێ دەگا و دەخرێتە بازاڕەوە، كە خۆیان لە سەوزە و دواتر میوەی وەك شووتی و كاڵەك دەبینێتەوە، دوای ئەوەش بەرهەمی پایزە دەچێنرێت و بۆ مانگی تشرینی یەكەم پێ دەگەن.
خەسرەو جاف، جووتیاری نموونەیی لە شارەزوور لەوبارەوە بە "وشە"ی گوت، جووتیارانی هەرێمی كوردستان بەرهەمی هاوینە و پایزەیان هەیە، ئێستە بەرهەمە هاوینییەكان بەرەو تەواوبوون دەچن، بەرهەمی پایزەش لە پێگەیشتندایە، بەرهەمە هاوینییەكان بەهۆی كەشوهەوا بڕ و جۆرەكانی زۆرن، بەڵام بەرهەمە پایزییەكان، كە كەشوهەوا سارد دەكات، بڕ و جۆرەكەیان كەمە، دوای تەواوبوون و لێكردنەوەی بەرهەمی هاوینە، جووتیاران جارێكی تر دەست بە چاندنی بەرهەمی پایزە دەكەن، كە زیاتر سەوزەكانە.
روونی كردەوە، ئێستە پیازی تون و شیرین لەپێگەشتندایە، تەماتەی پایزە و هێشتا هاوینەش ماوە كە لێ نەكراوەتەوە و جووتیار بەهۆی زیانەوە ناوێرێت لێی بكاتەوە، چونكە لە بازاڕ پارە ناكات، لەگەڵ پەتاتە و خەیار و شووتی، ئەمانە لە مانگی تشرینی یەكەم پێ دەگەن و دەخرێنە بازاڕەوە، دوای ئەوانە هەنار پێ دەگات، لەوانەی كە بەرهەمی پایزەن، بەوەش هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوردەكردن نابێت و تا مانگی تشرینی دووەم دەتوانین بەشی عێراقیش رەوانە بكەین، چونكە بەرهەم زۆرە و گرفتمان نییە.
ئەو جووتیارە نموونەییە داوای لە حكوومەتی هەرێم كرد كە هاوكار بێت بۆ ئەوەی رێگە لە هاوردەكردن بگیرێت و جووتیار لە ناوخۆ بەرهەمەكانی ساغ بكاتەوە تووشی زیان نەبێت، چونكە جووتیار هەیە بەهۆی زیانەوە ناوێرێت تەماتەكەی لێ بكاتەوە، كە رەنگە لە زەوییەكەیدا 500 تۆن تەماتە هەبێت.
"چەند رۆژێكی تریش شووتی پایزە پێ دەگات، بۆیە ئەگەر هاوردەكرن رانەگیرێت، جووتیاری ناوخۆ رووبەڕووی زیانێكی زۆر دەبێتەوە، بەرهەمەكان زۆرن و جگە لە پێویستی ناوخۆ، دەتوانین بەشی شارەكانی عێراقیش رەوانە بكەین، جووتیار هەیە هەزار تۆن شووتی هەیە، تەنیا زەوییەكانی نێوان هەورامان و هەڵەبجە، بەدەیان هەزار تۆن شووتی تیادا كراوە و لە رۆژانی داهاتوو دەخرێتە بازاڕەوە"، خەسرەو جاف، جووتیاری نموونەیی لە شارەزوور وا دەڵێت.
لای خۆیەوە ئیبراهیم سادق، جووتیارێكی ترە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەرێمی كوردستان خاوەن زەوییەكی بەپیت و فراوانە و جووتیارانی ناوخۆ دەتوانن زۆرترین بەرهەمیان هەبێت، هاوكات بەرهەمی ناوخۆیی لە رووی كوالێتی و تام و چێژەوە لە بەرهەمی هاوردە جیاوازە، بۆیە ئەگەر جووتیار هاوكاری و پاڵپشتی بكرێت، هەموو كوردستان پڕ دەكرێت لە بەرهەم، هاوكارییەكەش تەنیا ئەوەیە هاوردەكردن رابگیرێت و بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان بدۆزرێتەوە، نەك هەر بەشی پێویستی، بەڵكو دەتوانن هەموو عێراق بە بەرهەمی ناوخۆیی كوردستان بژیەنن.
باسی لەوەش كرد، جووتیاری كوردستان لە هەر ناوچەیەك بێت، ئێستە خەیار و تەماتە و پەتاتە و شووتیی پایزەی كردووە، چەند مانگێك دەبێت پێوەی خەریك بووە و ماندوو بووە و خەرجی تیادا كردووە، چەند رۆژێكی تر پێ دەگا و كوردستان پڕ دەبێت لە بەرهەمی ناوخۆی دەشتەكانی كوردستان، بۆیە ئەگەر هاوردەكردن رانەگیرێت، گرفتمان بۆ دروست دەبێت.
هەر پێوەست بە بابەتەوە سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیكای عەلوەی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە جووتیارانی ناوخۆ سەرقاڵی پێگەیاندنی بەرهەمی ناوخۆن، كاتێك ئەو بەرهەمانە پێگەیشتن و كەوتنە بازاڕەوە، هاوردەكرنیش نەبێت گرفت دروست نابێت، چونكە بەرهەمەكە زۆرە و بەشی ناوخۆ دەكات، بەتایبەت شووتی پایزە، كە زۆربەی جووتیاران و لە ناوچەكان ئەو شووتییە چێنراوە و كاتی پێگەشتنیەتی و دەخرێتە بازاڕەوە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی