شەوی سێشەم لەسەر چوارشەم ئاگر لە هۆڵێكی ئاهەنگێران لە شارۆكەی حەمدانییە لە پارێزگەی نەینەوا كەوتەوە، بەو هۆیەوە نزیكەی 100 كەس گیانیان لەدەست دا و چەند سەت كەسێكیش بریندارن، بەدەر لە گەورەیی كارەساتەكە كە خۆشی دەیان خێزانی كردە ماتەمینی، خەریكە لەبەر چەند هۆكارێكەوە گرنگیدانی بەرپرسانی عێراق ئاراستەیەكی تر وەردەگرێت و تێكەڵ بە شتی ترەوە دەكرێت، رەنگە مەبەستی سەرەكیی لابردنی چاوەكانە لەسەر هۆكاری راستەقینەی رووداوەكە، كە یەكەمجار نییە و پێشتریش چەندان رووداوی هاوشێوە هەبووە.
دوای رووداوەكەی حەمدانییە و بۆ لابردنی تۆمەت و خۆدزینەوەی لە بەرپرسیارەتی و درێژكردنی پەنجەی تۆمەت بۆ كەمتەرخەمی و هەڵدانەوەی دۆسییەی گەندەڵی و هیتر لە لایەن هەمووانەوە، هەڵمەتێكی فرەوانی لێپرسینەوە لە كەمتەرخەمان و لێپرسینەوەكردن، بەتایبەتی لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە دەستی پێ كردووە، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە و لەگەڵ دەرچوونی ئەنجامەكەی رەنگە هەندێك بەرپرسی نەینەوا بكەون.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كە تا ئێستە نەیتوانیوە بەرنامە حكوومەتییەكەی و بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات، بەتوندی هاتووەتە سەر خەتی ئەو كارەساتە، جیا لە راگەیاندنی ماتەمینی گشتی و هاوخەمی بۆ قوربانیان و رەوانەكردنی برینداران بۆ چارەسەری لە دەرەوە و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاریان، ئەو سەردانی مەیدانیی ناوچەكە و شوێنی رووداوەكەی كرد، ئاماژەی كرد كە كەمتەرخەمی و هەستنەكردن بە بەرپرسیارەتی لەو رووداوەدا هەیە، ئەركی ئێمەیە وەك دەوڵەت بەرانبەر بەو كێشە گەورەیە هەڵوەستە بكەین.
سوودانی دووپاتی كردەوە كە ئەندامی لێكۆڵینەوەكان كەمتەرخەمان دیاری دەكات، لە رووی یاساییەوە كەمتەرخەمی لەبارەی دروستكردنی تەلارەكە بە زیادەڕۆیی هەیە، كە هیچ مەرجێكی سەلامەتی تیادا نییە، دەبوایە رێوشوێنی لە لایەن سەرۆكی یەكەی ئیداری و فەرمانگە پێوەندیدارەكان بەرانبەر وەربگیرایە، بۆیە هیچ دەستسووكییەك بەرانبەر هیچ جۆرە كەمتەرخەمییەك ناكرێت، دەبێت بە پێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
سەبارەت بە دوایین ژمارەی قوربانیانی رووداوەكەی حەمدانییە، خەمیس ئەسعەد، بریكاری وەزارەتی تەندروستی عێراق رای گەیاند، سوپاسی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئەو هاوكارییانەی پێشكەشی بریندارەكانیان كردووە، كە جاری یەكەم نییە هەرێم هاوكاری لێقوماوان دەكات، بە پێی ئەو ژمارەی لامانە تا ئێستە 98 كەس گیانیان لەدەست داوە و زیاترە لە 100 كەسیش بریندار بوون، كە بەشێكییان رەوانەی هەرێمی كوردستان كراون بۆ چارەسەری.
لەم چەند رۆژەدا كریستیانەكان رۆژێكی تری ناخۆش و كارەساتبار بەڕێ دەكەن، ئەوجارەیان ئەوپەڕی خۆشیان لێ بوو بە شین و ئەوپەڕی ناخۆشی و كارەسات، لەناو هەستێكی تێكەڵی توڕەیی و ئازارەوە، دەیان كەس لە حەمدانییە بەشداریان لە نوێژكردن لەسەر گیانی قوربانیان ئاگرەكە كرد، وێنەی دەیان منداڵ و ژنیان لە كڵێسای سریانی كاسۆلیك هەڵواسی، كە زۆرینەی قوربانیان ژن و منداڵ بوون، ماتەمگێڕان جیا لە دەربڕینی خەمەكانیان تەنیا ئەوەندەیان بۆ گوترا كە ئەوانەی رازامەندی دروستكردنی هۆڵكەیان داوە، ئەوان لەو نەهامەتییە بەرپرسیارن كە دەبوایە مەرجەكانی سەلامەتی تیادابووایە.
رەنگە هۆكاری ئەو ئاگرەی حەمدانییە كە شایی لێ كردن بە شین، ئاسایی بێت، كاتێك یەكێك لە خاوەنەكانی هۆڵەكە بەناوی جۆنی سلێمان نەبو، باسی ئەوەی كرد كە ئاگرەكە بەهۆی شۆرتی كارەباوە دروست بووە، بە پێچەوانەی لێدوانی دەسەڵاتداران بەوەی ئاگرەكە بەهۆی یاری ئاگرینەوە دروست بووە و قوماشەكانی سەقفی هۆڵەكەی سووتاندووە و ئاگر بە خێرایی هۆڵەكەی داگرتووە، واتە خاوەن هۆڵەكە رەتی دەكەنەوە مەرجەكانی سەلامەتیان پشتگوێ خستبێت.
دوای رووداوەكە فەرمانی گرتن بۆ خاوەنەكانی ئەو هۆڵە دەرچووە و ژمارەیەكیان گیراون، كێشەی ئاگركەوتنەوە لە عێراق نوێ نییە و بە بەردەوام دووبارەبووەتەوە، هۆكاری سەرەكیش بۆ شۆرتی كارەبا و پابەند نەبوون بە مەرجەكانی سەلامەتی دەگەڕێندرێتەوە، لە 2021 دوو ئاگری هاوشێوە لە نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا لە بەغدا ناسرییە كەوتەوە و بەو هۆیەوە نزیكەی 150 كەس گیانیان لەەست دا، هەمان هۆكاری باس كران، كەمتەرخەمی لە مەرجەكانی سەڵامەتی، بەڵام ئەوە نیشانەی بوونی گەندەڵی و پابەند نەبوونە بە مەرجەكان بەهۆی بەرتیلدان و نەبوونی چاودێری بەهۆی وەرگرتنی پارەوە یان بەهۆی باڵادەستیی ئەو لایەن و كەسانەی خاوەن پڕۆژەكانن.
لەبارەی بوونی رەهەند و لێكەوتەی سیاسی ئەو ئاگرەی حەمدانییە، محەمەد تەمیمی، توێژەر لە بواری سیاسی دەڵێت، لە عێراق ئەگەری دروستكردنی كارەساتی مرۆیی بەهۆی ململانێی سیاسی لە نێوان هێز و لایەنەكانەوە هەیە، كاتێك هەندێك هێزی دەسترۆیشتووی سیاسی ئامادەن هەر شتێك بكەن لەپێناو بەكارهێنانی بۆ لێخستنی بەرانبەرەكەیان و ركابەری سیاسی و هەڵبژاردن، بۆیە ئەگەری هەیە هەندێك لەو لایەنانە كارەساتی مرۆییش دروست بكەن، ئەوەش لەكاتی رووداوەكان دەبینین وەك ئەوەی لە حەمدانییە رووی دا.
لای خۆیەوە
محەمەد خالیدی، ئەمینداری گشتیی بەیارق ئەلخەیر، دووپاتی دەكاتەوە كە دەسەڵاتی سیاسی لەپشت گەورەترین رووداوی ئاگركەوتنەوەكانی عێراق بووە، لە رێگەی ئەنجامدانی چەندان پڕۆژەی بازرگانی و هیتریش، كە كەس بێ بوونی دەسترۆیشتوویی سیاسی بەو شێوەیە و بێ بوونی مەرجی سەلامەتی دروستیان بكات.
روونی كردەوە، دەسەڵات و دەسترۆیشتووی چەند هێزێكی سیاسی و ئەوانەی لێیانەوە نزیكن و دەوڵەمەندبوونی نائاساییان، وای كردووە پەنا بۆ دروستكردنی مۆڵ و كۆمەڵگەی بازرگانی و هۆڵ و كارگە و هیتریش بێ بوونی مەرجی سەلامەتی گشتیی ببەن، ئەوە سەرەڕای دابینكردنی ئەو مەرجانە مەرجە بۆ پێدانی مۆڵەت بە جێبەجێكردنی هەر پڕۆژەیەك، بۆیە خالیدی پێی وایە لەو رووداوانە دەسترۆیشتوویی سیاسی تاوانباری یەكەمە.
بە پێی هەندێك لە میدیاكان خاوەنداریەتی هۆڵەكەی لە حەمدانییە سووتاوە و ئەو هەموو قوربانییەی لێ كەوتووەتەوە و خەڵكی ناوچەیەكی تووشی كارەسات كردووە، بۆ كەسێكی نزیكی رەیان كلدانی، سەرۆكی بزاوی بابلیوون و لیوای 30 حەشدی شەعبی دەگەڕێتەوە، واتە ناراستەوخۆ ئەوانی لەپشتە، ئەوەش وای كردووە هۆڵێكی بێ هیچ مەرجێكی سەلامەتی گشتیی دروست بكرێت و بخرێتە كاركردنیشەوە، پێشتریش چەندجارێك لەو بارەوە ئاگەدار كرابێتەوە.
ئەوەش دەیسەلمێنێت كە هەمان هۆكاری كارەساتەكان لە هەموو ناوچەیەكی عێراق هەن، گەندەڵیی فەرمانگەكان و دەسەڵات و دەسترۆیشتوویی سیاسی و میلیشیایی و چاوپۆشینی حكوومەت و پەرەدەپۆشیی كارەساتەكان بە شۆرتی كارەبایی و نەبوونی مەرجی سەلامەتی و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانیان، هۆكاری سەرەكییە لە رووداوەكەی حەمدانییە و ئەوانەی پێشتر روویان داوە و ئەوانەشی روو دەدەن.