تا ئه‌مڕۆیش گۆڕینه‌وه‌ی دیله‌كانی نێوان ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس به‌رده‌وامه، تا ئێسته 180 دیلی فه‌له‌ستینی له‌لای ئیسرائیل و 60 بارمته‌ی ئیسرائیلی له‌لای حه‌ماس له ئاگربه‌سته‌دا ئازاد كراون. له دوێنێوه هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ئیسرائیل، میسر و قه‌ته‌ر له ده‌وحه‌ی پایه‌ته‌ختی قه‌ته‌ر، له كۆبوونه‌وه‌دان و گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن ئاگربه‌ستی ماوه‌درێژ بێته كایه‌وه تا دیله‌كانی تر به پیاوان و سه‌ربازانیش ئازاد بكرێن.
پێگه‌ی "
عه‌ره‌بیه" ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 29ی تشرینی دووه‌م، راپۆرتێكی له‌وباره‌یه‌وه بڵاو كردووه‌ته‌وه و رۆشنایی خستووه‌ته سه‌ر هه‌ندێك له نهێنییه‌كانی ناو گفتوگۆكانی نێوان وڵاتانی به‌شدار و ناوه‌ندگیر بۆ ئاگربه‌سته‌كه. بۆ ئه‌وه‌یش دووپات له‌وه كراوه‌ته‌وه كه ئاگربه‌ستێكی ماوه‌درێژ له نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس بێته كایه‌وه. تا ئێسته له گۆڕینه‌وه‌ی دیله‌كاندا منداڵان و ژنان ئازاد كراون، هه‌وڵی ئه‌وه ده‌درێ له درێژكردنه‌وه‌ی ئاگربه‌سته‌كه‌دا، پیاوان و سه‌ربازانی ئیسرائیلیش بگرێته‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له گفتوگۆكان له ده‌وحه، ئه‌مڕۆ بۆ تۆڕی "سی ئێن ئێن" گوتی، دانوستكاران پێیان وایه له‌و دوو رۆژه‌ی بۆ ئاگربه‌سته‌كه ماوه، ته‌واوی منداڵان و ژنانی بارمته له‌لای حه‌ماس ئازاد ده‌كرێن، ده‌مێنێته‌وه گفتوگۆ له‌باره‌ی پیاوان و سه‌ربازانی ئیسرائیلی بكرێت كه به دیلی و بارمته له‌لای بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و گرووپه فه‌له‌ستینییه‌كانی تر ماونه‌ته‌وه. حه‌ماس له‌ناو ئه‌و شه‌ش رۆژه‌ی ئاگربه‌سته‌دا به لیسته‌كه‌ی ئه‌مڕۆیشه‌وه 81 دیل ئازاد ده‌كات، چاوه‌ڕێ ده‌كرێ دواتر لیستێكی تر به‌ناوی دیله ئیسرائیلییه‌كان پێشكه‌ش بكات، مه‌به‌ستیش لێی درێژكردنه‌وه‌ی ئاگربه‌سته‌كه‌یه بۆ 24 سه‌عاتی تر.
به‌رپرسێكی ئیسرائیلیش كه نه‌یویستووه ناوی ئاشكرا بكرێت، بۆ رۆژنامه‌ی "واشنتن پۆست" گوتی، ئاگربه‌سته‌كه به‌یانیی پێنجشه‌م به‌كۆتا دێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له گفتوگۆكاندا بگه‌نه رێككه‌وتن، ره‌نگه درێژ بكرێته‌وه، له‌وكاته‌یشدا ده‌بێ دووباره ئیسرائیل پێداچوونه‌وه به ئۆپراسیۆنه‌كانی خۆی بكات كه ئێسته خۆی بۆ ئاماده كردووه تا له نه‌مانی ئاگربه‌ست، هێرشه‌كانی ده‌ست پێ بكاته‌وه.
ئه‌وه‌شی گوت كه چاوه‌ڕێ ده‌كرێ ئه‌مڕۆ ته‌واوی منداڵه‌كان ئازاد بكرێن، ده‌مێنێـته‌وه 20 تا 30 ژن له‌لای حه‌ماس بمێننه‌وه. پێ ده‌چێ له گفتوگۆكاندا بگه‌نه ئازادكردنی ئه‌وانیش.
دوێنێ ویلیا‌م بیرنز به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتووه‌ته ده‌وحه تا له‌وێ چاوی به د‌یڤید بارنیا به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگریی ئیسرائیل بكه‌وێت، هاوكات چاوی به به‌رپرسانی قه‌ته‌ری و میسریش ده‌كه‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی وتووێژ له‌باره‌ی قۆناغی داهاتووی ئاگربه‌سته‌كه بكرێت. ئه‌ویش به‌پێی سه‌رچاوه‌یل كه قسه‌یان بۆ ئاژانسی "رۆیته‌رز" كردووه.
باس له‌وه كراوه كه هه‌موو سه‌رنجه‌كانی بیرنز له‌وه كۆ ده‌بێته‌وه كه هه‌ردوولای ئیسرائیل و حه‌ماس، دانوستانه‌كانیان له‌باره‌ی دیله‌كان فراوانتر بكه‌نه‌وه، ئه‌ویش به‌جۆرێك پیاوان و سه‌ربازانیش له ئاگربه‌سته‌كه بگرێته‌وه و ماوه‌كه‌ی درێژ بكرێته‌وه، به‌جۆرێك به‌هه‌مانشێوه رۆژانه حه‌ماس 10 دیل ئازاد بكات.
هه‌ر دوێنێش ماجید ئه‌نساری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر روونی كرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی به‌دووری نازانێ دانوستانه‌كان بگه‌نه ئاستێك تا سه‌ربازانی ئیسرائیلیش بگرێته‌وه كه له‌لای حه‌ماس به دیل گیراون، واته له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ئاگربه‌سته‌كه درێژتر بكرێته‌وه كه رۆژانه حه‌ماس 10 دیلی ئیسرائیلی ئازاد بكات.
ئاماژه به‌وه دراوه كه حه‌ماس و گرووپه فه‌له‌ستینییه‌كانی تر، 240 دیلی ئیسرائیلییان به بارمته گرتووه و له‌ناویاندا جیا له سڤیله‌كان، سه‌رباز و ئه‌فسه‌ریش هه‌ن، وێڕای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك بیانیش له‌ناو بارمته‌كاندا هه‌ن. ئاگربه‌سته‌كه‌یش ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی هه‌وڵه‌كانی قه‌ته‌ر و میسر و ئه‌مه‌ریكا بوو تا گه‌یشته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، ئازادكردنی 180 منداڵ و ژنی فه‌له‌ستینی له‌لای ئیسرائیل، هاوكات به لیسته‌كه‌ی ئه‌مڕۆیشه‌وه كه حه‌ماس ئاشكرای كردووه، 81 منداڵ و ژنی ئیسرائیلی ئازاد كراون.
له هێرشی حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌م كه حه‌ماس كردیه سه‌ر ئیسرائیل هه‌زار و 200 كه‌س كوژران و 240 كه‌سی تر به بارمته گیران، به‌پێی دواین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی فه‌له‌ستین، به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل، 14 هه‌زار و 500 فه‌له‌ستینی كوژراون، به‌و پێیه ژماره‌ی گشتیی كوژراوان له هه‌ردوو لایه‌ن گه‌یشتووه‌ته 15 هه‌زار و 700 كه‌س.