بڕیارە لە 18ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق بێتە سازكردن، بۆیە ئێستە لە عێراق هەموو شتێك وەستاوە، تەنانەت تا ئێستەش گومانێك لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە هەیە، چونكە چەندان هێزی سیاسیی شیعە و سوننە و مەدەنی رازی نین و پێیان وایە ئەنجامەكان بۆ حزبەكانی دەسەڵات یەكلا كراونەتەوە، لەو ناوەدا سەركردەیەكی شیعە ئاماژە دەكات كە رێككەوتنێكی سیاسی هەیە بەوەی سێشەمی داهاتوو پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ دانیشتن بكات.
عائید هیلالی، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە دەڵێت، رێككەوتنێكی سیاسی لە نێوان هێزە عێراقییەكان كراوە بەوەی سێشەمی داهاتوو دانیشتنێكی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ بێتە سازكردن، بەڵام بێ رێككەوتن لەسەر كاندیدێكی دیاریكراو، چونكە تا ئێستە ناكۆكی لەسەر كاندیدانی پۆستەكە بەردەوامە.
ئاشكرای كرد كە چوارچێوەەی هاوئاهەنگی پاڵپشتی لە هیچ لە كاندیدانی بۆ پۆستە خراونەتە روو ناكات و هەر لایەنێكی ناو چوارچێوە بۆچوونی خۆی لەبارەیانەوە هەیە، بۆیە بابەتەكە بۆ بۆچوونی پەرلەمانتارەكان بۆ دیاریكردنی ئەو كەسەی بە گونجاوی دەزانن جێهێڵراوە، بۆیە ئەگەر ئەم هەفتەیە پەرلەمان نەیتوانی سەرۆكێكی نوێ بۆ خۆی دیاری بكات، بابەتەكە دەكەوێتە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی 18ی مانگ.
بەپێی سەرچاوەكان تا ئێستە هەشت كاندیدی سوننە بۆ پۆستەكە خراونەتە روو، ئەوانیش سالم عیساوی و شەعلان كەریم و عەبدولكەریم عەبتان و فەلاح زێدان و موزاحم خەیات و زیاد جەنابی و یەحیا محەمەداوی و مەحموود مەشهەدانین.
سەركردەیەكی باڵای پارتی تەقەدومی محەمەد حەلبووسیش، كە خۆی بە شایستەی وەرگرتنەوەی پۆستەكە دەزانێت، رای گەیاند كە ئێستە دۆخی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان گونجاو نییە، بۆیە سەرەڕای رێككەوتنی سیاسی بۆ سازكردنی دانیشتنێكی پەرلەمان لە سێشەمی داهاتوو، پێشبینی هەیە ئەو بابەتە بۆ كاتێكی نادیار دوا بخرێت.
محەمەد عەلی حەكیم، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، تا ئێستە ناكۆكییە سیاسییەكان لە نێوان لایەنە سوننە و شیعەكان لەبارەی دیاریكردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان بەردەوامە، بۆیە پێشبینی دەكەین یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە لەم هەفتەیە زەحمەت بێت، بەپێی زانیارییەكانی هەن بابەتەكە بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان لە 18ی ئەم مانگە دوا دەخرێت.
روونی كردەوە، بۆیە لە دانیشتنی سێشەمی داهاتوو رێژەی ئامادەبوونی یاسایی پەرلەمانتاران تەواو نابێت، چونكە پەرلەمان خۆی لە پشووی یاسادانانە و زۆرینەی پەرلەمانتاران لە دەرەوەی عێراقن و هەندێكیشیان لە دەرەوەی بەغدان و ژمارەیەكیشیان بە هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندیی حزبەكانیان سەرقاڵن، بۆیە زەحمەتییەك لە سازكردنی دانیشتنەكە بە رێژەی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامان هەیە، ئەوەش وا دەكات پەرلەمان دانیشتنەكە ساز نەكات.
ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە دووپاتی كردەوە كە هەندێك لایەنی سیاسی بە مەبەست دەیانەوێ بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان دوا بخەن، بۆ ئەوەی ئەو بابەتە ببێتە مایەی گوشاری سیاسی و ناچاركردنی سوننە لە وەرگرتن و دابەشكردنی پۆستەكان لە حكوومەتی نوێی خۆجێی پارێزگەكان و پۆستە گرنگەكانی پارێزگەكان، بۆیە ئەو بابەتە لە دوای هەڵبژاردن دەبێتە بابەتێكی گرنگ بۆ گوشاری سیاسی لەسەر یەكتر.
لای خۆیەوە ماهر عەبد جۆدە، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، هەمووان ئەوە دەزانن كە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە رێگەی رێككەوتنی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە دەبێت، كە خاوەنی زۆرینەیە لە پەرلەمان، بۆیە دابەشبوون و رێكنەكەوتنیان لەسەر كاندیدێكی دیاریكراو واتە بابەتەكە درێژە دەكێشێت، چونكە لایەنە سیاسییەكانی تر ناتوانن بێ گڵۆپی سەوزەی چوارچێوەكە دەنگ لەسەر كاندیدەكە بدەن.
روونی كردەوە، ئەو ناكۆكییەی لە نێوان هێزەكانی چوارچێوەی لەوبارەوە هەیە، پرۆسەی دیاریكردنی سەرۆكی نوێ دوا دەخات، ئەوەش دووپاتی دەكاتەوە كە یەكلاكردنەوەی بابەتەكە دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكان، بەتایبەتی كاتێك هێزەكانی چوارچێوە و ئەوانیتریش بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە سەرقاڵن، بۆیە سەختییەك لە یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە بەم نزیكانە هەیە.
پێ دەچێت چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە مەبەست بابەتی هەڵبژاردنی شوێنگرەوەی حەلبووسی دوا بخات، ئەوەش بە پاساوی نەبوونی رێككەوتن و سازانی سوننە لەسەر كاندیدانی پۆستەكە، بۆ ئەو مەبەستەش ناوی چەند كاندیدێكی هاوپەیمانیی عەزمی سوننەی نزیك لە خۆیان خستووەتە ناو لیستی كاندیدان و ژمارەی كاندیدانیش تا دێت زیاتر دەبێت، بۆ دواخستنی زیاتری بابەتەكە و مانەوەی وەك گوشارێك لەسەر هاوپەیمانی قیادە، واتە تەقەدومی حەلبووسی و سیادەی خەمیس خەنجەر و سوننە بە گشتی، چونكە پێشبینی دەكەن كە ئەوانە دەنگێكی زۆر لە پارێزگە سوننەكان بێنن و بۆ بردنەپێشەوەی سوونەی سەر بە ئێران وەرگرتنی پۆستی گرنگ لە پارێزگەكان، ئەو بابەتە نابێت بە ئاسانی یەكلا بكرێتەوە.