"هێزە شیعەكان بۆ راوەدوونانی هێرشبەران دەسەڵات بە سوودانی دەدەن"

:: PM:11:18:10/12/2023 ‌

هەینی رابردوو بە مووشەك هێرش كرایەوە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، دوای هێرشەكە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا هەریەك لە كەتیبەكانی حزبوڵا و بزاوی نوجەبای بە هێرشەكانی سەر وڵاتەكەی تۆمەتبار كرد، ئەمڕۆ سەركردەیەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی كردەوە كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەسەڵاتی بە سوودانی داوە بۆ راوەدوونانی هێرشبەرانی سەر نێردە دیپلۆماسییەكان لە بەغدا.

شەوی شەموو ئەبو عەلی عەسكەری، بەرپرسی تەناهیی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی لە تەلەگرام رای گەیاند، هێرشەكانمان بۆ سەر ئەمەریكا تا دەركردنی دوایین سەربازی لە ناو خاكی عێراق بەردەوام دەبێت، ئەگەر حكوومەتی عێراق بیەوێ گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن بۆ چوونەدەرەوەی هێزەكانی بكات، رێگری لێ ناكەین و لاریمان نییە، ئەگەرچی پێشبینی دەكەین ئەوەشیان درۆیەكی تری ئەمەریكا بێت، بەڵام بەسەرماندا تێپەڕ نابێت.  

روونی كردەوە، دووپاتی دەكەینەوە كە هەر كارێكی دەبەنگانە لە لایەن ئەمەریكاوە وەڵامدانەوەیەكی توندتر و فرەوانكردنی هێرشەكانی دەبێت، قسە و لێدوانی ترسنۆك و ئەوانەی خۆیان بۆ دوژمن دادەنوێنن لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانمان سڵمان ناكەنەوە، هێرشەكانی دوێنی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا تەنیا سەرەتایەكە بۆ شێوازێكی نوێی رووبەڕووبوونەوە و رۆژانی داهاتوو ئاستی وەڵامدانەكانمان دیاری دەكەن، هاوكاریی هەندێك لە هێزە تەناهییەكانیش لەگەڵ ئەمەریكا، وا دەكات ببنە كلكی ئەوان و هاوبەشیان لە تاوانەكان، ئەوەش لە لایەن عێراقییەكانەوە قبووڵكراو نییە.  

لە قسەكانی ئەو بەرپرسە باڵایەی حزبوڵای عێراقی، كە بە نزیكترین میلیشیا لە ئێران دادەنرێت و راستەوخۆ سەر بە نووسینگەی رابەری شۆڕشی ئێرانە، دەردەكەوێت كە ئەوانن بنكەی سەربازی و باڵوێزخانەی ئەمەریكا دەكەنە ئامانج، مانگی رابردووش ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی رای گەیاند، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمەریكا تا ئازادكردنی عێراق ناوەستێت، ئەو ستایشی چوار گرووپی چەكداری كرد كە رۆڵیان لە كردنەئامانجی ئەمەریكا هەیە، ئەوانیش ئەنساروڵا ئەوفیا و نوجەبا و كەتیبەكانی سەید شوهەدا و كەتیبەكانی حزبوڵان.

ئەمڕۆ یەكشەم عەقیل ردینی، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی كردەوە كە هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانیان سەرپشك كردووە بۆ راوەدوونانی هێرشبەران بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەكان لە بەغدا.

زیاتر گوتی، كردنەئامانجی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، پێشێلكردنی نەریتە دیپلۆماسییەكانە، بەو پێیەی بوونی باڵوێزخانەكە لە چوارچێوەی ناوەڕۆكی بەڵێننامە ناودەوڵەتییەكانە، بۆیە دەستدرێژییەكە رەتكراوەیە و راستەوخۆ زیان بە ناوبانگی عێراق دەگەیەنێت، كە حكوومەتەكەی پابەندە بە پاراستنی هەموو نێردە و كونسوڵگە دیپلۆماسییەكان لە وڵات.

ئەو سەركردە شیعە دووپاتی كردەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق دركی بە مەترسیداریی دۆخەكە كرد و كۆبوونەوەیەكی بە پەلەی لەگەڵ هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێك خست، ئەوانیش دەسەڵاتیان بە بە سوودانی دا راستەوخۆ دەست بە لێكۆڵینەوە بكات و راوەدووی ئەنجامدەرانی هێرشەكە بنێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بە خێرایی بێتە راگەیاندن.

"تا ئێستە هیچ هێزێكی سیاسی خۆی لە هێرشەكە بەرپرسیار نەكردووە، بۆیە هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی پرۆسەی سیاسی، جیا لە لێكەوتەكانی لەسەر دۆخی گەلی عێراق لە حاڵەتی چۆڵكردنی باڵوێزخانە و كونسوڵگەكان و ئەگەری هەیە بەغدا بكەوێتە ناو دابڕانی ناودەوڵەتی و كاریگەریی هەموو ئەوانەش لەسەر ئابووری و وبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوە و بازرگانیدا"، ردینی وا دەڵێت.

ئەو سەركردەی هاوپەیمانی "نەسر"، كە بەشێكە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژە دەكات، هۆكارەكان هەرچییەك بن، كردنەئامانجی نێردە دیپلۆماسییەكان رەتكراوەیە، وەك ئاماژەیەكیش پاڵپشتی و هاوسۆزیمان بۆ غەزە جێگیرە، بەڵام تا ئەو سنوورەی بابەتەكە دۆخی وڵاتەكەمان بەرەو ئاڵۆزی نەبات، بۆیە ئەوانەی نێردە دیپلۆماسییەكەیان كردە ئامانج، درك بە مەترسیداریی هەنگاوەكەیان لەسەر گەلی عێراق ناكەن.

دوای هێرشە مووشەكییەكەی بەرەبەیانی هەینی رابردوو بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، كە هاوكات هێرش كرایە سەر بارەگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەركەوت ئەوە شوێنەی هێرشەكانی لێ كرا لە ناو بەغدا بووە، سوودانی بەیاننامەیەكی توندی دەركرد و هێرشەكەی بە تیرۆریستی لە قەڵەم دا، بەپێی زانیارییەكانیش ئەو گڵۆپی سەوزی بۆ هێزە تەناهییەكان هەڵكردووە، بۆ بەكارهێنانی هێز لە راوەدوونانی ئەنجامدەران و رێگرتن لە دووبارەكردنەوەی ئەو جۆرە هێرشانە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل