لە عێراق چۆن فێڵ لە ژنە سوورییەكان دەكرێت؟

:: PM:05:24:09/06/2024 ‌

دۆخی سووریا لە خراپی بەرەو خراپترە، بەتایبەتی لە سایەی ئەو شەڕ و دۆخە خراپەی ئابووری و كۆمەڵایەتی و توندوتیژی و باڵادەستیی چەك و بێیاسایی و بێكارییەی لەو وڵاتە هەیە، سووریەكان بە گشتی، بەتایبەتی ژن و كچ و منداڵەكان بوونەتە قوربانی، ئەوە وای كردووە كچانی سووریا بۆ خۆرزگاركردن لەو دۆخە پەنا بۆ شووكردن بە عێراقییەكان ببەن، بەڵام لەو ناوەدا فیڵیان لێ دەكرێ و دووچاری نەهامەتی زیاتر دەبنەوە.

لە بەرانبەر ئەو خەون و خواستەی كچانی سووریا بۆ رزگاربوون لە دۆخی خراپی وڵاتەكەیان، پەنا بۆ پێكهێنانی هاوسەرگیری لەگەڵ گەنج و پیاوانی عێراق دەبەن، كە رەنگە ئەوە لە دۆخێكی ئاساییدا حاڵەتێكی ئاسایی بێت، بەڵام كێشەكە لێرەوە دەست پێ دەكات كە لەلایەن دەڵاڵە عێراقییەكانەوە فیڵیان لێ دەكرێت، لەوكاتەی بۆ گەرمكردنی بازاڕیان لە عێراق وا بڵاو دەكەنەوە كە خەرجیی هاوسەرگیری لەگەڵ كچانی سووری زۆر كەمە. 

مەی كچێكی تەمەن 23 ساڵی سوورییە لە پارێزگەی حەلەب دەڵێت، چەندان شەڕ و تەنگژەی ئابووری بەسەر سووریادا هاتووە و بووەتە هۆی خراپیی دۆخی بژێوی و كەمی هەلی كار، بۆیە دوو لە چوار خوشكەكانم بەرەو عێراق رۆیشتن بۆ دۆزینەوەی كار، چونكە لەوێ هەلی زۆری كاركردن هەیە بەتایبەتی لە بەغدا و هەولێر، ئەو كچە كە خوشكی گەورەیە، دووپاتی كردەوە كە خوشكەكانی دوای ماوەیەك لە كاركردن هاوسەرگیرییان لەگەڵ دوو كەسی عێراقی پێك هێنا، یەكێكیان تەمەنی 18 ساڵە و مارەییەكەی 1500 دۆلار بووە و ئەوەی تر تەمەنی 19 ساڵ بوو و مارەییەكەی 1400 دۆلار بووە، ئەوان لە رووی خێزانییەوە دۆخیان سەقامگیرە، بەڵام ناوە ناوە كێشە و گوشاری دەروونی و خێزانی روویان تێ دەكات. 

پار باڵوێزی سووریا لە عێراق رای گەیاند كە لە 2023 نزیكەی پێنج هەزار گرێبەستی هاوسەرگیریی كچە سوورییەكان لە عێراق تۆمار كراوە، لەوكاتەی ژمارەی ئاوارە سوورییەكان لە عێراق دەگاتە 260 هەزار ئاوارە و زۆرینەی لە هەرێمی كوردستانە، بەوەش عێراق لە دوای توركیا و لبنان و ئوردن دێت لە ژمارەی ئاوارە سوورییەكان، كە لە دوای 2011 روویان لەو وڵاتانە كردووە، لەوكاتەی 90%ی سووریاییەكان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و مووچەی فەرمانبەرانی دەگاتە 15 دۆلار لە مانگێك. 

لە بەرانبەر ئەو دۆخەی سوورییەكان، هەندێك كەسی عێراقی سوودیان لەو دۆخە و ناچارییەی ئەوان وەرگرتووە، ئێستە 3500 ژنی سووری لە عێراق دیار نین و شوێنیان دیار نییە و كەسوكاریان هیچیان لەبارەوە نازانن، ئەو ژنانە لە رێگەی نووسینگەكانی گرێبەستی كاركردن لە عێراق یان لە رێگەی گرێبەستی هاوسەرگیری لەلایەن دەڵاڵەكانەوە هاتوون، ئەو دەڵاڵانانە سووری و عێراقین، وێنەی گەنجە عێراقییەكان پێشانی كچە سوورییەكان دەدەن و لەسەر بنەمای وێنەكە گرێبەستی هاوسەرگیری رێك دەخرێت، بەڵام كاتێك كچەكە دێتە عێراق، بۆی دەردەكەوێ كە زاوا بە تەمەنە و وەك ئەوە نییە كە لە وێنەكە بینیویەتی، تەنانەت گرێبەستەكانی كاركردنیش ساختەن و هیچ بنەمایەكی یاساییان نییە، بۆیە كچە سوورییەكان فیڵێكی گەورەیان لێ دەكرێت. 

جان دەڵێت، بەهۆی ئەو دۆخەی باس كرا، رەنگە هەندێك لە كچە سوورییەكان بە ناچاری روو لە شوێنی بەدڕەوشتی و لەشفرۆشی و مەساج بكەن، چونكە واژوویان لەسەر گرێبەستی كار كردووە و هەندێك جار واژوویان لەسەر كاغەزێكی سپی كردووە كە نازانن چییە، كە پارەیەكی زۆر تا 10 هەزار دۆلار وەك بارمتە دادەنرێت و ئەگەر كچەكە نەیدات هەڕەشەی دادگا و گرتنی بە تۆمەتی فیڵكردن لێ دەكرێت.

ئەو كچە دووپاتی كردەوە، مارەیی كچەكان لە نێوان 500 بۆ سێ هەزار دۆلارە بە كەسوكاری دەدرێت، بابەتەكە وەك كڕین و فرۆشتنە، چونكە زۆرێك لەو كچانە باوك و برا و بەخێوكاریان بەهۆی شەڕەوە نەماوە و سوود لە دۆخیان دەبینرێت و بەو شێوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، ئێستە ژمارەیەكی زۆر ژنی سووری لە بەغدا بە ناچاری هەندێك كار دەكەن كە رەنگە پێی رازی نەبن، دووچاری ئازار و سووكایەتی دەبنەوە و دۆخیان خراپە.

سارە جاسم، چالاكێكی عێراقییە دەڵێت، ئەگەر مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ژنانە باش بێت، رەنگە هاوسەرگیرییەكە ئەرێنی و سەركەوتوو بێت، بەڵام سكاڵامان بە دەست دەگات كە هەندێكیان منداڵەكانیان لێ وەرگیراوەتەوە و فڕێدراونەتە سەر شەقام، تەنانەت كەسانێك لە سۆشیال میدیا بە هاوشێوەی بازاڕی كۆنەفرۆشی مامەڵە لەگەڵ كچانی سووری دەكەن، بەگشتی زۆرینەی هاوسەرگیرییەكانی لەو رێگایە دەكرێ بۆ ژنی دووەمە و لە داهاتوو بە جیابوونەوە كۆتایی دێت، چونكە كە ژنی یەكەم پێی دەزانێت، داوای جیابوونەوە دەكات، یان ژنی دووەم، سوورییەكە، دەخرێتە سەر شەقام، بۆیە ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە بەكارهێنانە و سوودی لێ دەبینرێت.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل